رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی خەڵکی دارەتووی هەولێر لە تاقیکردنەوەکانی 12ـی ئامادەیی 100ـی هێناوە کەچی لە یەکەمەکاندا ناوی نەبووە. وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، چونکە ساڵی دووەمە بەشدارە لە تاقیکردنەوەکان، بۆیە ناوەکەی لە ریزبەند دانەنراوە.
موزەفەر حەکیم رەسوول، قوتابی لە قوتابخانەی کوردستان لە هەولێر، ساڵی رابردوو 93ـی هێناوە بەڵام خۆی بەدڵی نەبووە و بڕیاریداوە، ساڵێکی دیکەش بەشداریی تاقیکردنەوەکان بکات بۆ ئەوەی بتوانێ نمرەیەکی باشتر بێنێ.
ئەمساڵ کە ئەنجامەکان رادەگەیێندرێن چاوەڕێی ئەوەدەکات لە یەکەمەکاندا بێت بەڵام کاتێک لیستی ناوەکان بڵاودەکرێتەوە، دەبینێت ناوی لە سێ یەکەمەکاندا نییە.
موزەفەر حەکیم لەوبارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، زۆر دڵنیابووە کە ئەمساڵ لە یەکەمەکاندایە بەهۆی ئەوەی کاتێکی باشی داناوە بۆ خوێندنی وانەکانی و بە ئامادەییەوە چووەتە تاقیکردنەوەکان. بەڵام کاتێک دەبینێ ناوی لە یەکەمەکاندا نییە بێئومێد دەبێت. کە ئەنجامەکان وەردەگرێت تووشی سەرسووڕمان دەبێت کاتێک دەبینێت لە بەشی زانستیی 100ـی هێناوە و ناوی لە هیچ شوێنێک نییە .
موزەفەر حەکیم لە رێگەی رووداو داوا لە وەزارەتی پەروەردە دەکات بۆی روون بکرێتەوە کە هۆکاری ئەوە چییە. ئەو دەڵێت، بەشێوەی نافەرمی پێیان راگەیاندووە بەهۆی ئەوەی "تحسین معدل" بووە ناوی نەخراوەتە نێو یەکەمەکان.
تۆڕی میدیایی رووداو پەیوەندیی بە وەزارەتی پەروەردەوە کرد بۆ ئەوەی هۆکارەکەی بزانێت. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پەروەردە بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەپێی بڕیاری وەزارەت ئەو قوتابیانەی ساڵی دووەمە بەشداریی تاقیکردنەوەکان دەکەن، بەتایبەت ئەوانەی بە تەحسین معدل ئەمساڵ لە تاقیکردنەوەکان بەشداربوون، ئەگەر 100ـیش بهێنن ناویان لە ریزبەندەکەدا دانانرێت، بەڵام لە زانکۆ هەمان مامەڵەی 100ـییەکانیان لەگەڵدا دەکرێت.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 13-8-2020 ئەنجامی تاقیکردنەوەکان راگەیێندرا و لە لیستی یەکەمەکان چوار قوتابیی لە هەولێر و هەڵەبجە و دهۆک توانیان لە بەشی زانستیی 100 بهێنن.
1- ڤانیا شێركۆ حەسەن فهرهج – ههڵهبجه - زانستی – كۆی گشتی نمره: 700 تێكڕا: 100
2- لهنیا فهلاح حهسهن مهحموود – ههڵهبجه - زانستی - كۆی گشتی نمره: 700 تێكڕا: 100
3- حهسهن ئامانج بورهان محهممهدرهشید - ههولێر – زانستی - كۆی گشتی نمره: 700 تێكڕا: 100
4- دهریا سلێمان عهلی تاهیر – دهۆك – زانستی - كۆی گشتی نمره: 700 تێكڕا: 100

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ