پەرلەمانتارێکی عێراق: کشانەوەی هێزە بیانییەکان بووەتە جێگەی دڵەڕاوکێ و نیگەرانی

13-09-2025
پەیمان محەممەد
عومەر کۆچەر میوانی بووڵتەنی کاژێر 01:00 بوو کە دڵدار هەرکی پێشکێشی دەکات
عومەر کۆچەر میوانی بووڵتەنی کاژێر 01:00 بوو کە دڵدار هەرکی پێشکێشی دەکات
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: ''دۆخی ئەمریکا و جیهان بەرەو گۆڕانکاری دەچێ. عێراقیش لە بواری ئەمنییەوە نەگەیشتووەتە ئاستێک کە بتوانێ بە باشی خۆی بپارێزێ.''

ئەمڕۆ شەممە، 13-09-2025، عومەر کۆچەر، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە دڵدار هەرکی پێشکێشی کرد، لەبارەی دۆخی عێراق دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند: ''لە هەموو وڵاتانی جیهاندا کاتێک هێزە بیانییەکان دەکشێنەوە، ئەو بابەتە دەبێتە جێگەی دڵخۆشی و سەربەخۆیی، بەڵام لە عێراق بووەتە جێگەی دڵەڕاوکێ و نیگەرانی.''
 
عومەر کۆچەر ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقیش نەکشێنەوە، کاریگەییەکی ئەوتۆیان لەسەر دۆخی ئەمنیی وڵاتەکە نابێت، ''بۆ نموونە هێز و پێگەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان هەن، بەڵام درۆنەکان هێرشیان کردە سەر کێڵگەکانی نەوت.''
 
بەگوتەی عومەر کۆچەر، هەندێک لە لایەنە شیعەکان کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بە دەستکەوت بۆ حکومەتی محەممەد شیاع سوودانی دەزانن و بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەکاریدەهێنن.
 
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق لەبارەی کاریگەرییەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی تایبەت بە کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی هاوپەیمانان گوتی: ''هەموو کات لەوانەیە ئاڵۆزی لە عێراق رووبدات، تەنانەت لەکاتی بوونی هێزەکانی ئەمریکاش هێرشی مووشەکی، تەقینەوە و ئاڵۆزی هەبوو.'' 
 
عومەر کۆچەر پێیوایە، ئەگەر دوای کشانەوەی هێزە بیانییەکان ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و عێراق بەردەوام بن، ''لەوانەیە جارێکی دیکە هاوپەیمانان و ئەمریکا بگەڕێنەوە عێراق، وەک چۆن لە ساڵی 2011 کشانەوە و ساڵی 2014 بەهۆی سەرهەڵدانی داعشەوە گەڕانەوە.''
 
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە، کۆکردنەوەی چەک لە دەستی سوپای عێراق و چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکان دەتوانێ هۆکارێک بێ بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان، ''ئەمەش ئەرکێکی قورسە لە ئەستۆی حکومەت،  بەتایبەتی ئێستا کە نزیکە لە هەڵبژاردنی پەرلەمان.''
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی عێراق ئاماژەی بە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر کرد کە تێیدا کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی لە دەوحە کردە ئامانج و گوتی: ''ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر قەتەر، لەکاتێکدا پێچەوانەی عێراق، وڵاتێکی سەقامگیر و ئارامە. لە عێراقدا هیچ شتێک دوور نییە، بۆیە ئەم لایەنانەش هەوڵ دەدەن خۆیان لەگەڵ قۆناخەکە بگونجێنن و نەرمی بنوێنن.''
 
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11-11-2025 بەڕێوەبچێت. ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، بۆچوونێکی دیکە لەنێو لایەنە سیاسییەکان و پەرلەمانتاران لە بەغدا هەیە کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دۆخی وڵاتەکە دەشێوێنێت، جارێکی دیکە داعش سەرهەڵدەداتەوە و هەڵبژاردنیش دوادەخرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کچەی یانەی زاخۆی بە هەموو دنیا ناساند

یانەی زاخۆ وەک یەکەم یانەی ئاسیا خەڵاتی باشترین هاندەری فیفای بردەوە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) خەڵاتی باشترین هاندەری 2025ـی بە یانەی زاخۆ بەخشی، ئەمەش دوای ئەوەی هاندەرانی یانەکە دەیان هەزار بووکەڵە و یاریی منداڵانیان هەڵدایە نێو یاریگە و دواتر بە منداڵانی نەخۆش بەخشران.