کورد لە خورماتوو لە دوو هەڵبژاردندا نزیکەی 1000 دەنگدەری لەدەستداوە

13-10-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەراورد بە دوایین دوو هەڵبژاردن لە پارێزگای سەلاحەدین، کورد 984 دەنگی لەو پارێزگایە کەم کردووە و پشکی شێری بەر یەکێتی کەوتووە. کەمیی رێژەی بەشداری کورد لە هەڵبژاردنی 2023 بە یەکێک لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی دەنگی کورد دادەنرێت.
 
بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق، کورد دوو بەربژێری هەیە لە سەڵاحەدین، یەکێتی لەنێو لیستی جەماوەری نیشتمانی بەشدارە و پارتییش یەک بەربژێری هەیە لە لیستی هاوپەیمانیی عەزمی عێراق، کە هەردوو لیستەکە عەرەبی سوننەن و رکابەری یەکدین.
 
ئەوە دووەم هەڵبژاردنە لەسەریەک بەربژێرانى هەردوو حیزبە کوردستانییەکە لەنێو لیستەکانى دیکە بەربژێریان هەبێت و هاوپەیمان و یەک لیست نین لە ناوچە جێناکۆکاندا.
 
هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە 11ى تشرینى دووەمى ئەم ساڵ دەکرێت، لایەنە کوردستانییەکان لە پارێزگاى سەلاحەدین چاویان لەسەر دەنگدەرانى کوردە، زۆربەی دەنگدەری کوردیش لە قەزاى خورماتوون.
 
کەمبوونەوەی دەنگی کورد لە سەلاحەدین
 
لە هەڵبژاردنی 2021ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پارێزگای سەلاحەدین سێ بازنە بوو، قەزای خورماتوو کە زۆرترین دەنگدەری کوردی تێدایە بازنەی دووەمی هەڵبژاردن بوو لە پارێزگاکەدا، دوو بەربژێری کورد رکابەرییان دەکرد، کە ئەوانیش کەریم شوکر وەک بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هیوا داوودی وەک بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداربوون.
 
بەگوێرەی ئەنجامەکان، کەریم شوکر 12 هەزار و 157 دەنگی بەدەستهێنا و یەکێک لەو چوار کورسییەی مسۆگەر کرد کە بۆ ئەو بازنەیە بەدەستهاتبوون.
 
بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2021ی پەرلەمانی عێراق، 103 بەربژێر لەو بازنەیە رکابەرییان دەکرد؛ هێمن داوودى، کارگێڕی کۆمیتەی خورماتووی حیزبی شیوعی بە رووداوی گوت، "ئەو کات ئێمە و بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵ دەنگمان بە بەربژێری یەکێتی دا."
 
لەو هەڵبژاردنەدا هیوا داوودی، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەمان بازنە 1838 دەنگی بەدەستهێنابوو، نەیتوانی کورسییەکی بازنەکە بۆ پەرلەمان مسۆگەر بکات.
 
بەگوێرەی ئەنجامەکان، هەردوو بەربژێرە کوردییەکە لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراق، 13 هەزار و 997 دەنگیان بەدەستهێناوە.
 
نزیکترین هەڵبژاردن لە پارێزگای سەلاحەدین کرابێت بۆ دەرخستنی جیاوازیی دەنگی کورد، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای ساڵی 2023 بوو.
 
ئەو کات یاسین داوودی تەنیا بەربژێری یەکێتی بوو لەنێو لیستی جەماوەری نیشتمانیی سوننە، 10 هەزار و 884 دەنگی بەدەستهێنا و تەنیا ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدینە.
 
پارتی دیموکراتی کوردستان یەک بەربژێری هەبوو لەنێو لیستی حەسم بەشدار، کە یەکێکی دیکە بوو لە لیستە سوننەکان؛ تارا داوودی، بەربژێری پارتی لەو هەڵبژاردنە 1415 دەنگی بەدەستهێنا، نەیتوانی کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگا مسۆگەر بکات.
 
بەربژێرێکی دیکەی کورد کە لەو پارێزگایە رکابەریی دەکرد، هێمن داوود، بەربژێری حیزبی شیوعیی کوردستان بوو، لەنێو لیستی ریئاسە 714 دەنگی بەدەستهێنا و نەیتوانی کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگا بباتەوە.
 
بە هەرسێ بەربژێرە کوردییەکەی هەڵبژاردنی رابردووی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە سەلاحەدین، 13 هەزار و 13 دەنگیان بەدەستهێنا، بەراورد بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی ساڵی 2021، 984 دەنگ کەمی کردووە.
 
پارتی بە بەراوردی ئەو دوو هەڵبژاردنە 428 دەنگی کەم کرد، یەکێتییش 1275 دەنگ کەمی کردووە، ئەوەی سەنگی کەمکردنەوەکەی گۆڕیوە دەنگی بەربژێرەکەی حیزبی شیوعیی کوردستانە، کە 714 دەنگی بەدەستهێناوە، هەندێک لەو کەمبوونەوەی زەقەی دەنگی کوردی کەمکردەوە.
 
یاسین داوودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین لە پشکی یەکێتی بە رووداوی راگەیاند، "دوو هۆکاری سەرەکی هەبوون بۆ کەمکردنەوەی دەنگ، یەکەمیان نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری ژمارەیەکی زۆر لە دەنگدەرانی کورد و دووەم کەمیی رێژەی بەشداریی دەنگدەرانی کوردە، کە لە هەڵبژاردنی 2023 گەیشتە 47%."
 
جگە لە دابەشبوونی دوو حیزبە کوردستانیەکە بەسەر دوو لیستی سووننەی رکابەر، حیزبی شیوعی لە خورماتوو بڕیاریداوە دەنگ بداتە بەربژێرێکی کۆتای ژن کە کریستیانە لە هەولێر، بەمشێوەیە چاوەڕوان دەکرێت بۆ ئەم هەڵبژاردنە  بەراورد بە هەڵبژاردنى پێشوو دەنگى دیکەیش کەم بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە