رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بانگەشەی "تووندی هەڵبژاردن" لە بەرژەوەندیی خۆی نابینێت و ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکە دەڵێت، "مەکتەبی سیاسیمان بڕیاری داوە هێمنانە بانگەشە بکەین."
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "مەکتەبی سیاسی بڕیاری داوە یەکێتی بانگەشەیەکی هێمنانەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق بکات تاوەکو هێرش نەکرێتە سەر هیچ لایەنێک."
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک دوو پارتی حکومڕان لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە پار کرا، هەڵمەتێکی هەڵبژاردنی تووندنیان بەڕێوەبرد. بە گوتەی ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، بانگەشەی تووندی هەڵبژاردن تەنیا لەگەڵ پارتی نا بەڵکو لەگەڵ هەموو لایەنەکانی دیکە لە بەرژەوەندی ئەوان نییە و بانگەشەی هێمنانە لە بەرژوەندیی هەمووانە.
سەعدی ئەحمەد پیرە روونیشیكردەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان هەمان بڕیاری بۆ بانگەشەیەکی هێمن داوە و هیوادارە هەمووان پابەندی بانگەشەیەکی هێمنانە بن.
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی باسی لەوەشکرد، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پرسێکی نەتەوەییە بۆیە کێبڕكێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نابەنە بەغدا.
رۆژی 12ـی تشرینی یەکەمی 2025، بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی لە هەولێر دەستیپێکرد.
سەرۆک بارزانی داوای لە بەربژێرانی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد، هەڵبژاردنێکی "زۆر زۆر لەسەرخۆ، هێمن و بێ کێشە" بکرێت و وەڵامی هیچ قسەیەکی "ناشرین" نەدەنەوە.
سەرۆک بارزانی گوتیشی، "ئەگەر بگاتە بوختان دەرهەق بە هەرێم، ئەو وەختە دەبێ بەشێوەیەکی مەعقوول وەڵام بدرێتەوە، بەڵام بەو شێوەی کار و کاردانەوە خۆتان مەیێننە ئەم ئاستە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ