رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا ئەمشەو دووجار سنووری قەزای ماوەتیان لە سلێمانی بۆردوومان کرد.
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی سی پی تیی ئەمریکی، کە رێکخراوەکە چاودێری هێرش و بۆردوومانەکانی وڵاتان بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکات، بە رووداوی گوت "ئەمشەو (یەکشەممە، 14-1-2024) نزیکی کاژێر 10:30 دووجار فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا سنووری گوندی گەڵاڵەی سەر بە قەزای ماوەتی شارباژێڕیان بۆردوومان کرد."
کامەران عوسمان هەروەها گوتی "بۆردوومانەکان بۆ سەر بەرزاییەکانی باسکی قەلێ لە باشوور و تەنگڵ لە باکووری گوندی گەڵاڵە بوون".
ئەو ئەندامەی تیمی سی پی تیی ئەمریکی لەبارەی زیانەکانی بۆردوومانەکانەوە گوتی "بۆردوومانەکان نەبوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی هاونیشتمانییانی مەدەنی، بەڵام دەنگیان هێندە بەهێز بووە، ماڵەکانی گوندەکە هەمووی لەریونەتەوە و خەڵک لە ترسا هاتوونەتە دەرەوە."
رووداو پەیوەندی بە قایمقامی ماوەت و بەرپرسانی خۆجێی شارباژێڕ و ماوەت کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانیان نەدایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ