رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ خزمەتگوزاریی زیادکردنی منداڵانی خوار تەمەن 12 ساڵ بۆ سەر فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک لە هەڵەبجە کارا کرد.
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق، رۆژی چوارشەممە 14-01-2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاراکردنی ئەو خزمەتگوزارییە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتی بازرگانی عێراقە بۆ نوێکردنەوەی میکانیزمەکانی کارکردن و گۆڕینی خزمەتگوزارییەکان بۆ ئەلیکترۆنی، ئەوەش بە مەبەستی ئاسانکاری لە رێکارەکان و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان.
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، وەزارەتەکەیان بەردەوام دەبێت لە گشتگیرکردنی ئەو خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییە بۆ تەواوی لقەکانی دیکەی فۆرمی خۆراک لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
محەممەد حەنوون پێیوایە، ئەو هەنگاوەی وەزارەتی بازرگانی بەشێکە لە بەرنامەی حکومەتی عێراق بۆ بەدیجیتاڵکردنی مامەڵەکان، تاوەکو بە شێوەیەکی رێکوپێک و خێرا بەشەخۆراکی مانگانە بگاتە دەستی هاووڵاتییان و رێگری لە هەر جۆرە سەرپێچییەک بکرێت.
فۆڕمی ئێستای خۆراک دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1996. حکومەتی عێراق یەکەمجار 2ـی حوزەیرانی 2025، پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراکی دەستیپێکرد.
پێش گۆڕینی فۆڕمی خۆراک بۆ ئەلیکترۆنی، لە 5 ملیۆن و 386 هەزار و 51 هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بەشەخۆراکی مانگانەیان وەردەگرت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ