رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ناردنی مریشکی زیندوو بۆ عێراق لە رێگەی رێککەوتنەوەیە بەو مەرجەی کاریگەریی لەسەر نرخەکان نەبێت لە نێوخۆدا. بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقیش باس لەوە دەکات، لیژنەیەکیان بۆ ئەو مەبەستە پێکهێناوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی کانوونی دووەمی 2026 د. مەهدی سەهر جبووری، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەرهەمی ناوخۆیی لە رێگەی رێگریکردن لە هاوردەکردنی مریشکی زیندوو پارێزراوە، هەروەها میکانیزمێک بۆ گواستنەوەی مریشکی زیندوو و بەستوو لە پڕۆژەکانی هەرێمەوە بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور و بە پێچەوانەشەوە دانراوە."
بە گوتەی بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، میکانیزمەکە پشت بە گرێبەستی نێوان خاوەن سەربڕخانەکانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور و کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی مریشکی هەرێمی کوردستان دەبەستێت، "لە رێگەی پێکهێنانی لیژنەیەک لە وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵی، نوێنەرانی فەرمانگەکانی کشتوکاڵ و ڤێتێرنەریی هەرێمی کوردستان بۆ پشکنینی کێڵگەکانی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان، دیاریکردنی توانای بەرهەمهێنان و بڕی ئەو مریشکانەی رەوانەی پارێزگاکانی دیکە دەکرێن."
د. مەهدی جبووری دەڵێت، "ئەم بڕیارانە بوونەتە هۆی هاندانی خاوەن کێڵگەکان بۆ فراوانکردنی پڕۆژەکانیان و کارپێکردنەوەی پڕۆژە وەستاوەکان و سەربڕخانەکان، کە ئەمەش هەلی کاری بۆ هەزاران کەس رەخساندووە و ئاستی بێکاری لە عێراقدا کەمکردووەتەوە."
وەک بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئاماژەی پێدەکات، کۆی بەرهەمهێنانی مریشکی زیندوو لە پارێزگاکانی عێراقدا، "زیاتر لە 100 هەزار تۆنە لە ساڵێکدا."
هاوکات، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "رێککەوتنمان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا هەیە کە بە پێی توانای بەرهەمهێنانی هەرێمی کوردستان مریشکی زیندوو رەوانەی پارێزگا فیدراڵییەکان دەکرێت، بەو مەرجەی کاریگەری لەسەر نرخی مریشک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا نەبێت."
وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گوتی، "ناردنی مریشک لە هەرێمەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەرگایەکی باشە بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمی پڕۆژەکانمان."
لەبارەی مریشکی بەستووش بێگەرد تاڵەبانی دەڵێت، وەزارەتەکەیان بەهیچ جۆرێک رێگەی بە هاوردەکردنی مریشکی بەستوو نەداوە و قەدەخەکراوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، لە هەرێمی کوردستان 1995 پەلەوەرخانە هەن، ساڵانە زیاتر لە 105 ملیۆن مریشک بەخێودەکەن. بەرهەمی ساڵانەی گۆشتی مریشک دەگاتە نزیکەی 250 هەزار تۆن، لە کاتێکدا پێداویستیی ناوخۆ 146 هەزار تۆنە؛ واتە ساڵانە نزیکەی 104 هەزار تۆن گۆشتی مریشک لە پێداویستیی ناوخۆ زیادە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ