رووداو دیجیتاڵ
لە خۆپێشاندانەکانی شاری تاران، ژنێکی گەنجی کورد کوژرا.
رۆژی چوارشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2026، رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، لە کاتی ناڕەزاییەکانی شاری تارانی پایتەختی ئێراندا، هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە خەڵکی ناڕازی کردووە و بەهۆیەوە ژنێکی کوردی خەڵکی مهاباد کوژراوە.
بەپێی راپۆرتەکە، "ژنەکە ناوی گوڵالە مەحموودی ئازەرە و دانیشتووی شاری تاران بووە. رۆژی پێنجشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2026 لە خۆپێشاندانەکانی شاری تاراندا کوژراوە."
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی چاڵاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران (هێرانا) ئامارێکی نوێی کوژراوان و دەستگیرکراوانی خۆپێشاندانەکانی ئەو وڵاتەی بڵاوکردەوە.
هێرانا دەڵێت، لە سەرەتای خۆپێشاندانەکانەوە تاوەکو ئێستا کوژرانی 2,403 کەسیان پشتڕاستکردووەتەوە، لەو ژمارەیە 147 کەسیان لە هێزە ئەمنییەکان و کەسانی سەر بە دەسەڵاتن، ئەوانی دیکە هەموویان هاووڵاتیی مەدەنین و 12 منداڵیشیان تێدایە.
بەپێی راپۆرتەکە، ژمارەی بریندارەکان زۆرە و برینی 1,134 کەسیان زۆر سەختە. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە 18,434 کەس دەستبەسەرکراون و دانپێدانانی زۆرەملێی 97 کەسیشیان بڵاوکراوەتەوە.
خۆپێشاندانەکان رۆژی 28-12-2025 بەهۆی گرانی و خراپیی دۆخی بژێوی، بە مانگرتنی کاسبکاران لە بازاری گەورەی تاران دەستیپێکرد و دواتر تەواوی پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە.
هاوکات لەگەڵ تووندبوونەوەی گرژییەکان، شەش رۆژە حکومەتی ئێران ئینتەرنێت و تۆڕەکانی پەیوەندی لە سەرانسەری وڵات و رۆژهەڵاتی کوردستان بڕیوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ