رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەرێمی کوردستان ترسی لەوە هەیە بەغدا نەتوانێت بیپارێزێت و باس لەوە دەکات کە "دەبێت سنوورێک بۆ هەڵسوکەوتی گرووپە چەکدارەکان دابنرێت."
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵەکانی "ئەلعەرەبییە و الحدث"، جەختی لە پێویستیی "سنووردانان بۆ هەڵسوکەوتی گرووپە چەکدارەکان" کردەوە و رایگەیاند، پێویستە حکومەتی عێراق "رۆڵێکی بنەڕەتی لە پاراستنی هەرێمی کوردستاندا بگێڕێت".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەڵوێستی سەرۆکوەزیرانی عێراق "بەرز دەنرخێنێت"، ئاماژە بە ئاڵنگارییەکانیش دەکات و پێیوایە کە "ئاڵنگارییە هەنووکەییەکان، لە قۆناخی داعش سەختترن و هێڵی پێشەوەی بەرە نادیارە."
نێچیرڤان بارزانی باس لەوە دەکات کە هەرێمی کوردستان "لە چوارچێوەی عێراقدا، نەک بە تەنیا" بڕیار لەسەر بوون و مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان دەدات.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە هیچ پەیوەندییەک لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئیسرائیلدا هەبێت و گوتی، "هیچ بارەگایەکی مۆسادیش لە هەرێمی کوردستان نییە."
رۆژی دووشەممە، 15-01-2024، سوپای پاسداران بە چەندین مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و لە ئەنجامدا 4 کەس گیانیان لەدەستدا و 16 کەسی دیکەش بریندار بوون، ئەوانەی گیانیان لەدەستدا سەرجەمیان لە ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری هەولێر بوون، کە پێکهاتوون لە: پێشڕەو دزەیی، کچە تەمەن 11 مانگەکەی، هاوڕێیەکی بازرگانی لەگەڵ دایەنی کچەکەی.
لەو هەڤپەیڤینەدا، نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە "بانگەشەکانی ئێران بۆ بوونی هێزەکانی مۆساد لە هەرێمی کوردستان، راست نین" و ئاماژە بەوە دەکات، تاران "هیچ بەڵگەیەکی لەسەر بوونی هێزەکانی مۆساد لە هەرێمی کوردستان نەداوەتە بەغدا".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەکو پێشتر چەند جارێک رایگەیاندووە، بۆ ئەو دوو کەناڵەش دووپاتی کردەوە کە "هەرێمی کوردستان سەرچاوەی هەڕەشە نییە بۆ ئێران و ناکرێت مووشەکبارانی ئێران کە بووە هۆی کوشتنی خەڵکی سڤیل، بخرێتە خانەی دۆستایەتی".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ