رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس دەڵێت، هەرێمی کوردستان فاکتەری سەرەکیی سەقامگیرییە لە ناوچەکە. گوتیشی، "بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا بۆ گەڕاندنەوەی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە، دیداری زۆر گرنگی هەبێت."
ئەمڕۆ هەینی 14-02-2025 عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە زانا کایانی پێشکێشی کرد، لەبارەی بەشداریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن رایگەیاند، "زۆر گرنگە هەرێمی کوردستان چەندین ساڵە بەشداریی ئەم کۆنفرانسە دەکات، بەتایبەتی ئەم ساڵ کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە گۆڕانکاریدا تێدەپەڕێت."
61ـەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دەستیپێکرد و بڕیارە تاوەکو 16ی شوبات بەردەوام بێت.
عەلی دۆڵەمەری باسی لە گرنگیی بەشداریی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە لووتکەکەدا کرد و گوتی، "لە رابردوودا هەرێمی کوردستان پیشانی هەموو جیهانی داوە کە دەتوانێت ببێتە فاکتەرێکی سەرەکی، بۆیە بەشداریکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسەکەدا ئەوە دەردەخات کە [هەرێمی کوردستان] دەبێتە فاکتەرێکی سەرەکی لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە."
بە گوتەی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس، "ئەمڕۆ هیچ گۆڕانکارییەک لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەبێ هەرێمی کوردستان ناکرێت، چونکە هەرێمی کوردستان لە رابردوودا سەلماندوویەتی دەتوانێت رۆڵێکی زۆر کاریگەر ببینێت لە سەقامگیریدا."
بڕیارە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا دیداری لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردە و بەرپرسانی وڵاتان هەبێت. عەلی دۆڵەمەری گوتی، "جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەتوانێت لەم کۆنفرانسەدا دیداری زۆر گرنگی هەبێت، بۆئەوەی بتوانن ئاشتی و سەقامگیری بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە دیاری بهێنن و هەرێمی کوردستانیش بچێتە قۆناخێکی دیکەوە."
لەبارەی پەیوەندیی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس گوتی، "پەیوەندییەکی مێژووییە و لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە، ئێستا هەرێمی کوردستان چووەتە قۆناخێکی دیکەوە لەگەڵ فەرەنسا، بێگومان دەتوانم بڵێم دۆسیەی هەرێمی کوردستان لە کۆشکی کۆماریی فەرەنسا، گرنگییەکی زۆری پێدەدرێت."
وەکو عەلی دۆڵەمەری باسی لێوەکرد، "فەرەنسا دەزانێت بەبێ هەرێمی کوردستان سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەدی نایەت، بۆیە گرنگییەکی زۆری پێدەدات."
بڕیارە ئەم ساڵ دوو رێوڕەسمی تایبەت بە نەورۆز لە پاریس بەڕێوەبچن، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا گوتی، "بێگومان ئەمە یەکەم جار نییە لە پاریس ئاهەنگی نەورۆز بەڕێوەدەچێت، ساڵانە ئێمە وەکو نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان ئاهەنگی نەورۆز دەگێڕین، بەڵام ئەم جارە بەو پێیەی پاریس و هەولێر رێككهوتنی دۆستایهتی و هاوئاههنگییان واژۆ کردووە، شارەوانیی پاریس رەزامەندیی داوە بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەک لە کاربەدەستانی حکومی، لەنێو تەلاری شارەوانییەکە ئاهەنگێک رێکبخرێت، بۆئەوەی بتوانین ئەم رێوڕەسمە بە خەڵکی فەرەنسا و دیپلۆماتکارانی وڵاتەکە بناسێنین."
نێوەڕاستی مانگی تەممووزی 2019، پاریس و هەولێر رێككهوتنی دۆستایهتی و هاوئاههنگییان واژۆ کرد و بوونە دەستەخوشکی یەکدی، رێککەوتنەکە بەشێکی تایبەتە بە بهرهوپێشبردنى كاری هاوبهش و گۆڕینەوەی ئهزموون و فێركاری.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ