بە راگرتنی هاوکارییەکانی ئەمریکا کلینیکەکانی سووریا یەک لەدوای یەک دادەخرێن

14-02-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
ئەوە دۆخی ژمارەیەک کلینیکی دیکەی سووریایە لەدوای راگرتنی هاوکارییە دەرەکییەکانی ئەمریکا.
ئەوە دۆخی ژمارەیەک کلینیکی دیکەی سووریایە لەدوای راگرتنی هاوکارییە دەرەکییەکانی ئەمریکا.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای راگرتنی هاوکارییە دەرەکییەکانی ئەمریکا بۆ سووریا، 10 کلینیک ناچار بە داخستن بوون و 12 نەخۆشخانەی دیکەش لە مەترسی داخستندان.
 
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکە دا دەردەکەوێت، کلینیکێکی تەندروستییە لە شارۆچکەی سەرمەدا لە پارێزگای ئیدلبی سووریا. پێشتر پڕبوو لە خەڵک و بەردەوام نەخۆشانی تێدا چارەسەر دەکرا. 
 
ئێستا رەفەکانی بەتاڵ بوون، چەند بۆکسێک باندج و ژمارەیەک دەرمانی بەسەرچوو نەبێت، هیچی تێدا نەماوە. 
 
ئەوە دۆخی ژمارەیەک کلینیکی دیکەی سووریایە لەدوای راگرتنی هاوکارییە دەرەکییەکانی ئەمریکا.
 
محەممەد فارس، بەرپرسی پڕۆگرامە پزیشکییەکان لە رێکخراوی پزیشکانی جیهان دەڵێت: "ئەگەر یارمەتییەکە دەستپیپێنەکرێتەوە، کارەساتێکی گەورە و جیددی بەسەر خەڵکدا دێت. خەرجی نەشتەرگەرییەکان ئێستا لە کلینیکەکان تێچوویەکی کەمتر لە نەخۆشخانەکانی هەیە، ئەگەر کاری ئەو کلینیکانە رابوەستێت، گوشارێکی زیاتر دەکەوێتە سەر نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و دامەزراوە تەندروستییەکانی دیکە."
 
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان، ترەمپ دوای دەستبەکاربوونەوەی وەکو سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی کرد کارەکانی ئاژانسی ئەمریکا بۆ هاریکاریی نێودەوڵەتی رابگرێت.
 
بڕیارەکە کاریگەری لەسەر کەرتی تەندروستی سووریا دروستکردووە و لەوکاتەوە 10 کلینیک ناچاربوون کارەکانیان رابگرن و 184 کارمەندیشیان رەوانەی ماڵەوە کردووەتەوە. 
 
لە ساڵی 2011ـەوە ئاژانسە ئەمریکییەکە بە بڕی نزیکەی 12 ملیار دۆلار هاوکاریی مرۆیی پێشکێش بە سوورییەکان کردووە. 

 

چاوەڕێ دەکرێت راگرتنی هاوکارییەکانیشی کاریگەری زیاتر لەسەر کەرتی تەندروستی سووریا بەجێبهێڵێت و لەوکاتەوە 12 نەخۆشخانەی دیکە مەترسی داخستنیان لەسەرە. 
 
عەبدولکەریم خالید، بەڕێوەبەری کەمپی کەوکەبە دەڵێت: "دۆخی خەڵک زۆر خراپە. نەخۆشەکان، بەتایبەت ئەوانەی کە هەموو مانگێک پێویستییان بە یارمەتییە، ناتوانن چیدیکە لە دەرمانخانەکان دەرمان بکڕن. پێشتر لەو کلینیکەوە بە خۆڕایی دەرمان بە خەڵک دەدرا، تووشی سەرسوڕمان بووین کە داخرا."
 
ژێرخانی تەندروستی سووریا لەماوەی شەڕی نێوخۆدا کە 14 ساڵی خایاند، زیانێکی زۆری بەرکەوت. 
 
بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ماوەی جەنگەکەدا 38٪ـی نەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتە زیانیان بەرکەتووە. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە