رووداو دیجیتاڵ
میدیای هەسەدە بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی پێکدادانەکانی حەلەب لە نێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هێزەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق، ئافرەتێک گیانی لەدەستداوە و 17 کەسیش بریندار بوونە، بەرگریی شارستانی سووریاش دەڵێت، منداڵێک گیانی لەدەستداوە.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر سەرکۆنەى هێرشى سەر هەردوو گەڕەکى شێخ مەقسود و ئەشرەفیەى رۆژئاڤاى کوردستان کرد و رایگەیاند، ئەو هێرشانە بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەبێتە هۆی دروستبوونی پشێوی و ناسەقامگیری و شڵەژانی کەشی گشتیی سووریا.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتی لە هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لە راگەیێنراوێکدا دەڵێت: "سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکەین کە هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا لە گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب کردوویانە و بووەتە هۆی شەهیدبوونی ژنێک و برینداربوونی چەند هاووڵاتییەکی سڤیل".
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئۆباڵی ئەو هێرشانە و لێکەوتەکانی خستووەتە ئەستۆی حکومەتی سووریا و دەڵێت: "ئەو هێرشە بەشێوەیەکی راستەوخۆ دەبێتە هۆی دروستبوونی پشێوی، ناسەقامگیری و شڵەژانی کەشی گشتیی سووریا".
ئەمڕۆ دووشەممە 22ی کانوونی یەکەمی 2025، لە شاری حەلەب پێکدادان لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا دروستبوو؛ بەگوتەی هەسەدە، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریا هێرشیان کردووەتە سەر بازگەیەکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گۆڕەپانی "دوارەی شەیحان" لە حەلەب و بەهۆیەوە دوو ئەندامی ئاسایش بریندار بوون.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژەی بەوەش داوە کە هێرشەکان تەنیا خزمەت بە دوژمنانی سووریا دەکەن کە دەیانەوێت هەوڵە نیشتمانییەکان بۆ یەکخستنی گوتاری سووری پەک بخەن و دەڵێت: "ئەمە یەکەمجار نییە کە هێرش دەکرێتە سەر گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، وەک پێشێلکردنێکی دووبارەی لێکتێگەیشتن و رێککەوتنەکانی پێشوو بۆ رێگری لە روودانی گرژی".
ئەم گرژییانە لە کاتێکدایە، رۆژی 18ی ئەم مانگە، کۆمیتەی دانوستاندنی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا رایگەیاندبوو، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئادار، رێککەوتنێکی سەرەتایی کراوە بۆ مانەوەی سێ لیوای سەر بە هەسەدە لەنێو پێکهاتەی سەربازیی سوپای سووریادا.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سووریا لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە ژنێک و منداڵێک کوژراون، تەرمی ژنەکە براوەتە دادپزیشکی و هەسەدەشی بە بۆردوومانکردنی گەرەکی جەمیلیە تۆمەتبار کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ