دوای 18 ساڵ نووسینگەی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی لە هەولێر کرایەوە

14-03-2021
سیروان عەباس
نیشانەکردن بەرەی تورکمانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای 18 ساڵ، جارێکی دیکە نووسینگەی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی لە هەولێر کرایەوە. ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەش دەڵێت: "ئەمە هەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ زیاتر لێکنزیکبوونەوە لەگەڵ حیزب و لایەنە کوردستانییەکان".
 
ئایدن مەعرووف، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی شەممە 13-3-2021 نووسینگەی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانیمان لە شاری هەولێر کردەوە، ئەمەش هەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ زیاتر لێکنزیکبوونەوە لەگەڵ حیزب و لایەنە کوردستانییەکان، چونکە بارەگای سەرەکی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەمان ئێستا لە کەرکووکە".
 
بەرەی تورکمانی، ساڵی 1995 لە شاری هەولێر دامەزراوە، بارەگای سەرەکیان لە شاری هەولێر بوو. ئەوکات لە پەیڕەوی نێوخۆیی حیزبەکەدا هاتبوو: "هەرکاتێک دەرفەت رەخسا، بارەگای مەکتەبی سیاسی دەبردرێتە شاری کەرکووک". لە ساڵی 2003 و دوای رووخانی حکومەتی بەعس، بارەگای مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی گواستەوە بۆ شاری کەرکووک، لەوکاتەشەوە تاوەکو ئێستا بارەگایان لە هەولێر نەبووە.
 
ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی بەرەی تورکمانی رایگەیاند، کردنەوەی ئەم ئۆفیسە بەشێکە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانییان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و گرنگی خۆی ھەیە بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان.
 
بەرەی تورکمانی، خاوەنی کورسییەکە لە پەرلەمانی کوردستان، هەروەها بە وەرگرتنی پۆستی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان بەشداری لەو کابینەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە