لە ئیلام ناوەندێک بۆ ئەدەبیاتی کوردی دەکرێتەوە

14-03-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە هەوڵی چالاکڤانانی بوارەکە، ناوەندێک بۆ زمان و ئەدەبیاتی کوردی کرایەوە.
 
ناوەندەکە بە ناوی "دەبیرخانەی زمان و ئەدەبیاتی کوردی ئیلامی" کراوەتەوە و بەگوتەی بەڕێوەبەرانی، ئامانجی برەودان، بڵاوکردنەوە، زیندووڕاگرتن و واتادارکردنی زمانی کوردی ئیلامی و زمانی دایکە.
 
بەڵام هەندێ لە نووسەرانی ئیلام پێی گەشبین نین.
 
دەبیرخانەی زمان و ئەدەبیاتی کوردی ئیلامی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی کولتوور و ئیرشادی پارێزگای ئیلام دەبێت و رۆژی 13-03-2024 کرایەوە، چوارچێوەی چالاکییەکانیشی تەنیا پارێزگای ئیلام دەبێت.
 
عەلی هوشمەند، بەڕێوەبەری کولتوور و ئیرشادی پارێزگای ئیلام، لە کاتی کردنەوەی دەبیرخانەکەدا گوتی، "ئەم دەبیرخانەیە لە بواری توێژینەوە و هەروەها چاپکردن و پشتگیری لە بەرهەمەکاندا چالاک دەبێت و گرنگیی بە بواری کولتووری خۆجێی و بەهێزکردنی شوناسی نیشتمانیی ئێرانی ئیسلامی دەدات.
 
عەلی هوشمەند گوتوویەتی، "حکومەتی سێزدەیەم (حکومەتی ئیبراهیم رەئیسی) پابەندی بەڵێنەکانی خۆیەتی و گرنگیی بە کولتووری گەلان دەدات و هەر لەم چوارچێوەیەشدا ئەم دەبیرخانەیەی لە ئیلام کردووەتەوە.
 
بەڵام نووسەرانی خەڵکی ئیلام دەڵێن، چوار ساڵ لەمەوبەر و لە سەردەمی حکومەتی حەسەن رووحانیدا بڕیاردرا ناوەندێکی لەمجۆرە لە ئیلامدا دروست بکرێت و ئەو کاتیش هەموو کارەکانی تەواو کرابوون.
 
ئاکۆ حوسێنپوور، نووسەری خەڵکی ئیلام و خاوەن ئیمتیازی چاپەمەنی "ژ" دەڵێت، "سەرەڕای هەموو ئەو رەخنانەی لەسەر رەوتی دامەزرانی ئەم دامەزراوەیە هەیە، بەهۆی ئەوەی بەرپرسایەتییەکەی بە کەسانی دڵسۆز سپێردراوە، بێگومان بەرهەمی گەورە و پیرۆزی دەبێت".
 
بەڵام نووسەرێکی خەڵکی ئیلام رەخنە لە تابلۆی دەبیرخانەکە دەگرێت کە تێیدا کوردی بە "کردی" نوسراوە و دەڵێت، "هەر بەمەدا دیارە تەنیا بۆ پڕوپاگەندەیە".
 
ئەو نووسەرە ئیلامییە هەروەها دەڵێت، "تەواوی فێستیڤاڵە کوردییەکان لە ئیلام داخراون، وەکو مناڵ، رازان و...، لە شارێکدا کە رێگە نادەن یەک رستەی وەک "گیان و هەناسەم بەڕوو" لەسەر دیوارێک بنووسرێت، ئێستا چۆن رێگە دەدەن لەسەر زمانی کوردی ئەم ناوچەیە کار بکرێت؟".
 
زاهیر سارایی، نووسەری خەڵکی ئیلام و یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ئەو ناوەندە، دەڵێت، "هەستمان کردووە ئیرادە و خواستێکی بەهێزی لە پشتە و نیشانەشی ئەوەیە بەڵێن دراوە دەسەڵات و ئیمکاناتی باشی بۆ دابین بکەن".
 
زاهید سارایی لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆیدا نووسیوویەتی، "زمان و ئەدەبیاتی ئیلامی کە لە ناوی دامەزراوەکەیە بە مانای زمان و وێژەی کوردی لە هەموو پارێزگای ئیلام دایە و سنووردار نەکرێت بە شارێک یان بە زاراوەیەک، بە واتایەکی دیکە ناوی دەبیرخانەکە هەموو زاراوەکانی ئیلام لەخۆ دەگرێت".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق

دامەزرێنەری گووگڵ کراودسۆرس: نووسین بە فۆنتی کۆن زیانێکی گەورە بە پاشەڕۆژی زمانی کوردی دەگەیێنێت

لەکاتێکدا جیهان یادی رۆژی جیهانیی زمانی دایک دەکاتەوە، پسپۆڕانی تەکنەلۆژیا هۆشداری دەدەن لەوەی پاراستنی زمان تەنیا لە رێگەی ئاخاوتنەوە نییە، بەڵکو دەبێت زمانەکە لە جیهانی دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرددا جێگیر بکرێت. بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق، لە کاتی بەشداریی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "پاشەڕۆژی زمانی کوردی بەندە بە بوونی داتای پێویست لەسەر ئینتەرنێت."