رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی لە 36ـەمین ساڵیادی ئەنفال رایگەیاند "راستە ئەنجامدەرانی تاوانی ئەنفال و تاوانەكانی دیکە تووشی شكست بوون و كەوتنە زبڵدانی مێژوو بەڵام ئاسەواری ئەو جینۆساید و زوڵمەی لەدژی گەلەكەمان ئەنجام دران هەر ماون و برینەكانی گەلەكەمان ساڕێژ نەكراون."
سەرۆک بارزانی، ئەمڕۆ (14-4-2024) پەیامێکی لە ساڵیادی ئەنفال بڵاوکردەوە، کە لە بەشێکیدا هاتووە "سەرباری ئەو ستەمە گەورەیەی لە گەلەكەمان كراوە، بەداخەوە هێشتا دەنگ و رەنگی شۆڤێنی بۆ دژایەتیكردنی كورد لەناو دەوڵەتی عێراقدا دەبیندرێت."
تاوانی ئەنفال بە ھەشت قۆناخی یەک لە دوای یەک لە 22ـی شوباتی 1988 دەستیپێکرد و، تاوەکو 6ـی ئەیلوولی 1988 بەردەوام بوو. قۆناخی سێی ئەنفال کە رۆژی 14-4ـی 1988 بوو، بەهۆی ئەوەی زۆرترین قوربانی هەبوو و گەورەترین کۆمەڵکوژی تێدا کرا، بەراورد بە قۆناخەکانی دیکە، بۆیە بە رۆژی ئەنفال دیاریکراوە.
سەرۆک بارزانی جەخت دەکاتەوە لەوەی "ئەركی سەرشانی دامەزراوە فەرمییەكانی دەوڵەتی عێراقە كە کار بۆ قەرەبووی ئەنفال و ئەو جینۆساید و زوڵمە بكەن كە لەبەرانبەر گەلی كوردستاندا ئەنجامدراوە و پێویستە رێگە لە هەموو جۆرە هەوڵ و سیاسەتێكی شووم بگرن، كە بە دیدێكی شۆڤینی و نكۆڵیكار سەیری مافەكانی گەلی كوردستان دەكەن."
دەقی پەیامی سەرۆك بارزانی لە یادی 36 ساڵەی ئەنفال:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
شاڵاوی ئەنفال یەكێكە لە تاوانە هەرە گەورەكانی رژێمی پێشووی عێراق كە بە ئامانجی سڕینەوە و لەناوبردن و قڕكردنی مرۆڤی كورد ئەنجام درا. لەو كۆمەڵكوژی و جینۆسایدەدا كە لە چەند قۆناغ و بە شێوەیەكی ڕێكخراو سەرجەم ناوچەكانی كوردستانی گرتەوە، 180 هەزار هاووڵاتیی بێتاوانی كوردستان بێسەروشوێن و شەهید كران. لەگەڵ ئەوەشدا كیمیابارانكردنی كوردستان و وێرانكردنی هەزاران گوند و پلانی بەعەرەبكردن و ڕاگواستنی زۆرەملێ و تێكدانی ژێرخانی ئابووری و دیموگرافی و كۆمەڵایەتی و دەروونی كوردستان بەشێكی تری ئەو تاوانانە بوون كە بەشێوەیەكی ڕێكخستوو و ئامانجدار لەلایەن ڕژێمی عێراق بەرانبەر گەلەكەمان ئەنجام درا.
ڕاستە ئەنجامدەرانی تاوانی ئەنفال و تاوانەكانی تر تووشی شكست بوون و كەوتنە زبڵدانی مێژوو بەڵام ئاسەواری ئەو جینۆساید و زوڵمەی لەدژی گەلەكەمان ئەنجام دران هەر ماون و برینەكانی گەلەكەمان ساڕێژ نەكراون. سەرباری ئەو ستەمە گەورەیەی لە گەلەكەمان كراوە بەداخەوە هێشتا دەنگ و ڕەنگی شۆڤێنی بۆ دژایەتیكردنی كورد لەناو دەوڵەتی عێراقدا دەبیندرێت. ئەركی سەرشانی دامەزراوە فەرمییەكانی دەوڵەتی عێراقە كە کار بۆ قەرەبووی ئەنفال و ئەو جینۆساید و زوڵمە بكەن كە لەبەرانبەر گەلی كوردستاندا ئەنجام دراوە و پێویستە ڕێگە لە هەموو جۆرە هەوڵ و سیاسەتێكی شووم بگرن كە بە دیدێكی شۆڤینی و نكۆڵیكار سەیری مافەكانی گەلی كوردستان دەكەن.
لە یادی سی و شەش ساڵەی تاوانی ئەنفالدا پێزانینمان بۆ قوربانیدان و خۆڕاگریی كەسوكاری ئەنفال و شەهیدان هەیە و سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفال و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان.
مسعود بارزانی
14ی نیسانی 2024
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ