ئاوات شێخ جەناب بۆ لیژنەی دارایی: پارە لە بەغداوە نایێت و داهاتی نێوخۆ زیاد دەکەین

14-06-2021
بەهرۆز فەرەیدوون
سەردانی ئاوات شێخ جەناب بۆ پەرلەمانی کوردستان
سەردانی ئاوات شێخ جەناب بۆ پەرلەمانی کوردستان
نیشانەکردن بودجە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی راشکاوانە گوتوویەتی ئێستا پارە لە بەغداوە نایەتە هەرێمی کوردستان و هەوڵ دەدەین داهاتی نێوخۆ زیاد بکەین.
 
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ وەزیری دارایی، جگە لەوەی باس لە راپۆرتی دووەمی چاکسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، هاوکات باس لە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە کراوە و ئەندامێکی نێو کۆبوونەوەکە کە پێی باش نەبوو ناوی بهێندرێت بە رووداوی گوت، "وەزیری دارایی بە راشکاوی پێی گوتین کە لە بەغداوە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان نایێت."
 
هێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 08:00 بەشداری کرد و باسی لەوە کرد، وەزیری دارایی گوتوویەتی ناردنی پارەکە "تەنیا خوا دەزانێت کەیە."
 
وەزیری دارایی بە لیژنەکەی گوتووە 27ـی ئەم مانگە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت، لێبڕینیش هەر بەردەوامە، ئەندامانی لیژنەکەش زۆرتر باسیان لە کەمبوونەوەی داهاتی خاڵە سنوورییەکان کردووە و وەک خۆیان گوتیان بەغدا لەڕێگەی دیکەوە دەیەوێت خەڵکی هەرێمی کوردستان برسی بکات.
 
لیزا فەلەکەدین، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی گوت، کە بەمنزیکانە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان نایێت. باسی لەوەشکرد، حکومەتی عێراق لە رێگەی خاڵە سنوورییەکانی خۆیەوە شمەکە بازرگانییەکان داخڵ بە عێراق دەکات، ئەمەش وا دەکات داهاتی خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان کەم ببێتەوە.
 
هاوکات زیاد جەبار، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان باس لەوە دەکات کە وەزارەتی دارایی دەتوانێت داهاتەکانی لە رێگەی هەناردەکردنی نەوتەوە زیاد بکات گوتیشی: "گەندەڵی گەورە لە کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەن."
 
لەنێو ئەم راپۆردە دەردەکەوێت، جەمیل ئاغا عەزیز کە فەرمانبەرێکی خانەنشینکراوە، لە چایخانەی قەردارانی هەولێر دانیشتووە و بەدەم چا خواردنەوەوە دەڵێت، هیچ ئومێدێکی بە بەغدا نییە بۆ رەوانەکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە