کۆنسووڵی فەرەنسا: خواستێکی گەورەمان بۆ پەیوەندی لەگەڵ کوردستان هەیە و گۆڕەپانی پێشمەرگە لە پاریس دەکەینەوە

14-07-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند وڵاتەکەی خواستێکی گەورەی بۆ پەیوەندی لەگەڵ کوردستان هەیە، هەروەها رایگەیاند گۆڕەپانی پێشمەرگە لە پاریس دەکەنەوە.
 
یان برایم، کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، ئەو قسانەی لە رێوڕەسمی رۆژی نیشتمانیی فەرەنسادا کرد، کە ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 14ی تەممووزی 2025 بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
 
یان برایم لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا ئاهەنگی ئەم ساڵیان لە هەلومەرجێکی تایبەتتردایە، بەهۆی ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی کە ماوەیەک پێش ئێستا ناوچەکەی گرتەوە، بۆیە ئاهەنگەکە "لەژێر ناوی ئاشتی و فرەلایەنی دایە".
 
بانگەواز بۆ ئاشتی و پاراستنی سەقامگیری
 
کۆنسووڵی فەرەنسا رایگەیاند: "ئاهەنگگێڕانی ئەم ئێوارەیە ئاماژەیەکە بۆ خواستێکی تەواوی ئێمە بۆ گەڕانەوە بەرەو ئاساییبوون و سەقامگیریی دۆخەکە، هەروەها ئاماژەیەکە کە تاچەند گرنگە عێراق و کوردستان بەدەر بن و دوور بن لە گرژییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان".
 
برایم باسی لەوە کرد کە خواستی ئاشتی، کە 80 ساڵ لەمەوبەر لەسەر بنەمای جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەدایک بووە، دەبێت هێزی پاڵنەری هەمووان بێت و جەختی کردەوە: "فەرەنسا لەپێناو گەرەنتیکردنی ئاسایش بۆ هەمووان و ماف بۆ هەر تاکێک، کار لەسەر ئەمە دەکات."
 
دۆستایەتیی قووڵ و پشتیوانیی مێژوویی
 
برایم ئاماژەی بە رۆڵی مێژوویی فەرەنسا و نەتەوە یەکگرتووەکان کرد لە پشتیوانیکردنی گەلی کوردستان و گوتی: "گەلی کورد باشتر لە هەموو کەس لە رۆڵی گرنگی نەتەوە یەکگرتووەکان تێدەگات، ئەمەش دوای پەسندکردنی بڕیاری 688ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ هەروەها گەلی کورد دەزانێت تا چەند دۆستەکانی، لە ریزی یەکەمیاندا فەرەنسا، هەڵگری خواستی ئاشتی بوون".
 
کۆنسووڵی فەرەنسا جەختی کردەوە کە ئەم دۆستایەتییە ساڵی رابردووش "جارێکی دیکە هێز و پتەویی خۆی دەرخست".
 
پەیوەندیی فرەڕەهەند و چالاکییەکانی ساڵی رابردوو
 
یان برایم پوختەیەکی لەبارەی کار و چالاکییەکانی ساڵی رابردووی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان خستەڕوو، لەوانەش:
 
لە بواری سیاسیدا: پشتیوانیکردنی هەڵبژاردنی سەرکەوتووانەی پەرلەمانی کوردستان و یەکڕیزیی کورد، هەروەها سەردانی ژان نۆیل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بۆ هەولێر و بەغدا.
 
لە بواری کولتووری و فێرکردندا: کردنەوەی گۆشەی فەرەنسی لە زانکۆی کوردستان، خولی زمانی فەرەنسی بۆ 15 ئەفسەری پێشمەرگە و پشتیوانیکردنی قوتابخانەکانی دانیێل میتێران لە هەولێر و سلێمانی.
 
لە بوارەکانی دیکەدا: دەستپێکردنی هاوئاهەنگی لە بواری بەرگریی شارستانی و دەستپێکردنەوەی کنە و پشکنینی شوێنەواری.
 
لە بواری ئابووریدا: بەڕێوەبردنی یەکەمین کۆڕبەندی ئابووریی فەرەنسا-کوردستان لە پاریس و بەشداریی شاندی هەرێم لە کۆڕبەندی فەرەنسا-عێراق.
 
گۆڕەپانی پێشمەرگە لە پاریس
 
کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا "داهاتوویەکی گەش"ـی بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا نەخشاند و رایگەیاند: "دڵنیا بن لەوەی کە ئێمە خواستێکی گەورە لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و کوردستان هەڵدەچنین و بۆ ساڵی نوێش چەندین دەرفەتی دیکە لە ئارادایە، بۆ پتەوکردنی زیاتری ئەم هاوبەشییەی نێوانمان".
 
یان برایم هەواڵێکی خۆشی راگەیاند و گوتی: "بە تایبەتیش بیرم لەلای کردنەوەی فەرمیی گۆڕەپانی پێشمەرگەیە لە پاریس".
 
کۆنسووڵی فەرەنسا سوپاسی سەرجەم ئەو لایەنە کوردی و فەرەنسیانەی کرد کە هاوکاربوون لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و سەرخستنی کار و چالاکییەکان، لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بگرە تادەگاتە کەرتی تایبەت و رێکخراوەکان.
 
دەقی گوتارەکە:
 
جەنابی سەرۆک، بەڕێز وەزیری ناوخۆ، بەڕێز رێبەر ئەحمەد. ئامادەبووانی هێژا، دۆستانی ئازیزی کوردستان، هاونیشتمانییانی خۆشەویست. ئەم ئێوارەیە، 14ی تەممووز، پێکەوە کۆبووینەتەوە بۆ ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی رۆژی نیشتمانیمان، بە بەهاکانمان، هەروەها بەو پەیوەندییە بەهێزانەی کە هەمانە لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
 
بەڵام ئەم ساڵ، ئەم ئاهەنگگێڕانە لە هەولێر لە هەلومەرجێکی تایبەتتردایە، چونکە پێش چەند هەفتەیەک بوو جارێکی دیکە جەنگ لە دەوروبەری ئەم ناوچەیە سەری هەڵدایەوە. 
 
ئاهەنگگێڕانی ئەم ئێوارەیە ئاماژەیەکە بۆ خواستێکی تەواوی ئێمە بۆ گەڕانەوە بەرەو ئاساییبوون و سەقامگیریی دۆخەکە، هەروەها ئاماژەیەکە کە تاچەند گرنگە عێراق و کوردستان بەدەر بن و دوور بن لە گرژییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان. بە تێڕامان لە رەنگ و رازاندنەوەکانی ئاهەنگەکەمان دەبینن کە رۆژی نیشتمانیی ئەم ساڵ لە ژێر ناوی ئاشتی و فرەلایەنیدایە.
 
با لەبیرمان بێت، بەر لە 80 ساڵ لەسەر وێرانەکانی جەنگی جیهانیی دووەم، هیوایەک بۆ ئاشتی لە شاری سان فرانسیسکۆی ئەمریکا بە واژۆکردنی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە رۆژی 26ـی حوزەیرانی ساڵی 1945 لەدایک بوو. ئەم خواستی ئاشتییە دەبێت بەردەوام بێت و ببێتە هێزی پاڵنەرمان. فەرەنسا کار بۆ ئەمە دەکات لەپێناو گەرەنتیکردنی ئاسایش بۆ هەمووان و ماف بۆ هەر تاکێک. ئەم رۆحە لە ئیلهامبەخشین بە هەوڵەکانمان بەردەوامە، تەنانەت لەم جەنگەی چەند رۆژی رابردووشدا لەنێوان ئیسرائیل و ئێران.
 
ئاشتی و ئاسایش، بەڵام لە هەمان کاتدا پەرەپێدان و ژینگە. ئەمانە چەندین ئاڵنگارین کە نەتەوە یەکگرتووەکان یارمەتیدەرمانن بۆی رووبەڕوویان ببینەوە. با لەبیرمان بێت، بەر لە 10 ساڵ، ساڵی 2015 ساڵی پەسندکردنی ئامانجەکان بوو بۆ گەشەپێدان و رێککەوتنی پاریس بوو بۆ گۆڕانی کەشوهەوا. ئامانجی زۆر باڵاو و هیوابەخش کە دەبێت بەردەوامییان پێبدەین لەپێناو نەوەکانی داهاتوودا.
 
گەلی کورد باشتر لە هەموو کەس لە رۆڵی گرنگی نەتەوە یەکگرتووەکان تێدەگات، دوای پەسندکردنی بڕیاری 688ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان. هەروەها گەلی کورد دەزانێت تاچەند دۆستەکانی، لە ریزی یەکەمیاندا فەرەنسا، هەڵگری خواستی ئاشتی بوون. جەنابی سەرۆک، جەنابی وەزیر، دۆستانی هێژا. ئەم دۆستایەتییەی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان کە باسم کرد، ساڵی رابردووش جارێکی دیکە هێز و پتەویی خۆی دەرخست.
 
لە دەستپێکدا لە بواری سیاسیدا، بە ئەنجامدانی دیالۆگێکی متمانەپێکراو لە ئاستی هەرە باڵادا دەربارەی گرژییە هەرێمییەکان، لە رێگەی پشتیوانیمان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کە سەرکەوتووانە بەڕێوەچوون، لە رێگەی پشتیوانیکردنی یەکڕیزیی کوردی، لە رێگەی بڕوای هاوبەشمان پێکەوە کە دیالۆگ باشترین رێگەچارەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، لەگەڵ بەغدا. هەروەها سەردانی وەزیری کاروباری دەرەوەی فەرەنسا، بەڕێز ژان نۆیل بارۆ، بۆ بەغدا و بۆ هەولێر لە مانگی نیسانی رابردوودا، رەنگدانەوەی بەهێزیی ئەم دیالۆگەی نێوانمانە.
 
لە سێکتەرەکانی دیکەشدا کار و چالاکیی زۆرمان هەبووە لە ساڵی رابردوودا؛ وەک دەستپێکردنی هاوئاهەنگی لە بواری بەرگریی شارستانیدا، چالاکییە هونەرییەکانی پەیمانگای فەرەنسی و کردنەوەی گۆشەی فەرەنسی لە زانکۆی کوردستان-هەولێر، خولی فێربوونی زمانی فەرەنسی بۆ 15 ئەفسەری پێشمەرگە، دەستپێکردنەوەی کنە و پشکنینی ناوچە شوێنەوارییەکان، هەروەها پشتیوانیکردنی بەردەوامی خۆمان بۆ هەردوو قوتابخانەی فەرەنسیی دانیێل میتێران لە هەولێر و لە سلێمانی.
 
لە کۆتاییشدا ئێمە لە ساڵی رابردوودا گەشەمان بە پەیوەندییە ئابوورییەکانمان داوە، لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا یەکەمین کۆڕبەندی ئابووریی فەرەنسا-کوردستان لە پاریس بەڕێوەچوو، هەروەها لە مانگی 5ـی ئەم ساڵ، شاندێکی کوردی بەشداریی لە کۆڕبەندی ئابووریی فەرەنسا-عێراق لە بیزنس فرانس کرد لە پاریس.
 
جێگەی خۆیەتی ئاماژە بەوە بکەم کە ئەستەم بوو بەبێ پشتیوانیی بەرپرسانمان لە پاریس و پشتیوانیی باڵیۆز پاتریک دۆرێل لە بەغدا، ئەم هەموو کار و چالاکییانە بکەین. نەشماندەتوانی ئەم کار و چالاکییانە بەبێ بەشداریی کارای هاوبەشە کوردەکانمان، لە دامودەزگاکانی حکومەت، لە رێکخراوەکان و کۆمپانیاکانی کوردستان رێکبخەین. لێرەوە سڵاو و دەستخۆشییان بۆ دەنێرم بۆ پابەندیی ئەوان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی فەرەنسا و هەرێمی کوردستان. 
 
رێزدار جەنابی سەرۆک، بەڕێز رێبەر ئەحمەد، دۆستانی هێژا. دڵنیا بن لەوەی کە ئێمە خواستێکی گەورە لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و کوردستان هەڵدەچنین و بۆ ساڵی نوێش چەندین دەرفەتی دیکە لە ئارادایە بۆ پتەوکردنی زیاتری ئەم هاوبەشییەی نێوانمان. بە تایبەتیش بیرم لەلای کردنەوەی فەرمیی گۆڕەپانی پێشمەرگەیە لە پاریس.
 
جەنابی وەزیر، پێش ئەوەی دەرفەت بدەم بە تۆ بۆ پێشکێشکردنی گوتارەکەت، خوازیارم سوپاسێکی گەرمی هەموو ئەو کەسانە بکەم کە بەشداربوون لە رێکخستنی ئەم ئێوارە ئاهەنگە. سەرجەم کارمەندەکانم لە کۆنسووڵخانە و تیمی پەیمانگای فەرەنسی، تیمی رۆتانا و گراڤیتی، هەروەها هەردوو شێفی فەرەنسی دیمیتری جێرمان و ئەلێکساندەر لۆپێز کە خواردنی فەرەنسیی تایبەتیان بۆ ئامادەکردوون. هەروەها لە کۆتاییدا سوپاسێکی زۆر گەرم و تایبەت بۆ سپۆنسەرە جوامێرەکانمان کە لۆگۆکانیان لێرە دانراون.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.