ئومێد خۆشناو پیرۆزبایی لە تۆڕی میدیایی رووداو دەکات

14-08-2023
نیشانەکردن خەڵاتی ستیڤی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بەبۆنەی بەدەستهێنانی خەڵاتی زێڕینی ستیڤی بۆ باشترین کۆمپانیای میدیایی، پیرۆزبایی ئاراستەی به‌ڕێوه‌به‌ر و سەرجەم كارمه‌ندان و بینەرانی تۆڕی میدیای رووداو دەکات.  
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر گوتی، "هیواخوازین رووداو وەک چۆن لە رابردوودا توانیویەتی ببێت بە ئەستێرەیەکی پرشنگداری پڕ لە داھێنانی میدیای کوردی و سەکۆیەکی راستەقینە بۆ خزمه‌تکردنی نیشتمان، بەدەستهێنانی ئەو خەڵاتە هاندەری زیاتربێت بۆ خزمەتکردن و داکۆکیکردن لە ماف و خواستی سەرجەم چین و توێژەکانی کوردستان بەبێ جیاوازی." 
 
ئومێد خۆشناو دەڵێت، دووبارە بەدەستهێنانی خەڵاتی زێڕینی ستیڤی لە تۆڕی میدیای رووداو پیرۆزبێت و بەهیوای سەرکەوتنی زیاتر. 
 
بەربژێرەکان و خەڵاتەکەی رووداو
 
ساڵانە زیاتر لە 12 هەزار کۆمپانیا، تۆڕ و دامەزراوە لە بوارە جیاوازەکان دا لە زیاتر لە 70 وڵاتەوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکانی ستیڤی بەربژێر دەکرێن. زیاتر لە هەزار کەسی پیشەیی و شارەزای بوارەکان لە پڕۆسەی هەڵسەنگاندن و دیاریکردنی براوەی خەڵاتەکان دا بەشدار دەبن. هەموو بەربژێرەکانیش مافی ئەوەیان هەیە لە هەڵسەنگاندنی ئەندامانی لیژنەی هەڵسەنگێنەر ئاگاداربن و زانیاری تەواویان لەوبارەوە هەبێت.     
 
ئەم خەڵاتکردنەی رووداو کە لەسەر بنچینەی کاریگەری هەرسێ بەرنامەی (لەگەڵ رەنج) و (بەرپرسیار) و (دکتۆر ئاراس)، هەروەها بەهۆی فروانی رووماڵ و بڵاوبوونەوەی هەواڵەکانیەتی لە سۆشیاڵمیدیا و پلاتفۆڕمە جیاوازەکانی دیکە. ئەمە خەڵاتە بۆ یەک بە یەکی هاوکارانی رووداو.
 
هەروەها هەروەک لە هەڵسەنگاندنی لیژنەی هەڵسەنگاندن دا هاتووە، لەبەر فراوانی رووماڵەکانی رووداو و دەرفەتدان بە هەمووان و بەربڵاوی بڵاوبوونەوەکەی، تۆڕی میدیایی رووداو وەک شایانی ئەو خەڵاتە دانراوە. 
 
جگە لە بوولتەنەکانی هەواڵ، تۆڕی میدیایی رووداو ژمارەیەک بەرنامە و بڕگەی رۆژانە، هەفتانە و مانگانەی هەیە. رێباز عەلی، بەرپرسی بەشی بەرهەمهێنانی تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، "لە ئامادەکردنی بڕگە و بەرنامەکاندا سەرنجمان لەسەر هەموو چین و توێژێکە. چیرۆکی تەنیا یەک کەسیش بەلامانەوە گرنگە. هەربۆیەش بەرنامەی بەرپرسیار لەسەر یەک کێشەی یەک کەسیش دەوەستێت. بڕگەی وەک ژن و پیشە، بۆ نموونە، ئاوڕدانەوەیە لە رۆڵی ژن لە کۆمەڵگەدا بە نیشاندانی کاری تایبەتی یەک ژن." 
 
رێباز عەلی باس لەوە دەکات کە تۆڕی میدیایی رووداو لە رێگەی بەرنامەکانی وەک لەگەڵ رەنج و بەرپرسیارەوە هەوڵدەدات کێشەکانی هاونیشتمانییان پێشانبدات و بەرپرسانیان لێ ئاگادار بکاتەوە؛ هەروەها لە رێگەی بەرنامەکانی وەک دکتۆر ئاراسەوە کاردەکات بۆ ئەوەی هاونیشتمانییان لە بابەتەکانی پەیوەست بە تەندروستییان ئاگادار بکاتەوە.
 
بڕوا کیانی، بەڕێوەبەری دیجیتاڵ میدیای تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، بەرنامەکانی رووداو لەسەر بنچینەی کێشە و خواستی هاونیشتمانییانە و "ئاماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش پێشانی دەدەن کە هەژمار و پەیجەکانی رووداو لە هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە یەکەمی بێ رکابەرە. رووداو رۆژ دوای رۆژ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەلەڤزیۆنیش ریکۆردی نوێ تۆمار دەکات." 
 
بەپێی داتای کۆمپانیای مێتا، تەنیا لە دوو هەفتەی رابردوودا ڤیدیۆیەکانی پەیجی فەیسبووکی رووداو لەلایەن 152 ملیۆن کەسەوە لە جیهان بینراون، 646 هەزار کەس کۆمێنتیان لەسەر بەرهەمەکانی نووسیوە و بەرهەمەکانی رۆژانە نزیکەی هەشت ملیۆن کاردانەوەیان هەبووە. لە ئینستاگرامیش بەرهەمەکانی رووداو لە هەفتەی رابردوودا گەیشتوونەتە دەستی زیاتر لە یەک ملیۆن و 400 هەزار بەکارهێنەر و لە سەرەتای مانگیشەوە سەردانی بەکارهێنەران بۆ هەژماری رووداو 23٪ بەرزبووەتەوە.
 
ئەمە یەکەم جار نییە بەرنامە و پێشکێشکارەکانی رووداو خەڵات دەکرێن، بەڵام تۆڕی میدیایی رووداو بە بردنەوەی ئەم خەڵاتە ناوی خۆی لە لووتکەی دامەزراوە پیشەییەکانی جیهان دا تۆمارکرد، لەپاڵ گووگڵ، مایکرۆسۆفت و ئەپڵ و چەندینی دیکەدا کە هەریەکەیان لە بواری خۆیدا بەهۆی سەرکەوتن و داهێنانەکانییەوە خەڵاتی ستیڤی بردووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.