رووداو دیجیتاڵ
لە گوندی مەمانی سەر بە ناحیەی باعەدرێی قەزای شێخان، گورگ هێرشی کردە سەر مەڕوماڵات، بەهۆیەوە 108 سەر مەڕ مرداربوونەوە و زیاتر لە 50ی دیکە بریندار بوون.
رووداوەکە زیانی 30 هەزار دۆلاری بە خاوەنەکەی گەیاندووە. بەهۆی ئەم رووداوەوە مەڕدارەکە لەهۆش خۆی چووە و گەیێندراوەتە نەخۆشخانە.
محەممەد ئەحمەد، کە ماوەی 16 ساڵە لە ناحیەی بەعشیقەی پارێزگای نەینەواوە بۆ لەوەڕاندن هاتووەتە ئەم گوندە و بژێوی ژیانی خۆی و منداڵەکانی لەسەر ئەم ئاژەڵانەیە، باسی شۆکی رووداوەکە دەکات: "مەڕوماڵاتەکەم بەشێک بوو لە جەرگم، کە هەواڵەکەم بیست لەهۆش خۆم چووم، تاوەکو لە نەخۆشخانەی شێخان بەئاگا هاتمەوە. من نەمزانی لەوێ چی روویداوە، کاتێک ئەو رووداوە بوو، لە سەرەتا چاوم بە منداڵەکان کەوت، سوپاس بۆ خوا سەلامەت بوون، من تووشی شۆک بووم. سوپاس بۆ خوا هەر ئەوە بوو."
بەپێی زانیارییەکان، رووداوەکە شەوی رابردوو روویداوە کاتێک شوانەکان مەڕەکانیان، کە ژمارەیان نزیکەی 500 سەر بووە، لە نزیک گوندەکە دەلەوەڕاند. عامر حەموود، یەکێک لە شوانەکان، وردەکاریی رووداوەکەی گێڕایەوە و گوتی: "گورگەکان لەپشتی ئەم دۆڵەوە دەرکەوتن، کاتێک هاتن، ئاژەڵەکان دەلەوەڕین. هەموو رایانکرد، بۆ لای شوانەکەی دیکە، لە پێش ئەوان بەرانێک هەبوو، رایکرد، گورگەکەش چووە شوێنێکی دیکە، ئێمە هەوڵمان دا، ئاژەڵەکان دەربهێنین، بەڵام پێڕانگەیشتن. ئێرە هەموو پڕبوو لە مەڕوماڵات."
شوانەکان ئاماژەیان بەوە دا کە رووبەڕووی گورگەکان بوونەتەوە، بەڵام رووداوەکە لە توانای ئەوان بەدەر بووە. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم زیانە گەورەیە لەوانەیە ئەوە بووبێت کە سەگەکانی پاسەوانی، بەهۆی گەرمای کەشوهەواوە، لە کاتی رووداوەکەدا لە ماڵەوە بوون و لەگەڵ مەڕەکاندا نەبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ