شەممەی داهاتوو ئایفۆن 14 دەگاتە هەرێمی کوردستان و 700 کەس لە هەولێر ناوی خۆیان نووسیوە

14-09-2022
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن ئایفۆن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

خاوەنی پێشانگەیەکی تایبەت بە فرۆشتنی بەرهەمەکانی ئەپڵ لە هەولێر رایدەگەیێنێت، بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو مۆبایلی ئایفۆن 14 بە هەر پێنج رەنگەکەیەوە بگاتە هەرێمی کوردستان. دەشڵێت، تاوەکو ئێستا تەنیا لە هەولێر 700 کەس ناوی خۆیان بۆ کڕینی مۆبایلەکە نووسیوە و بڕیارە رۆژی پێنجشەممە بە فەرمی دەست بە ناونووسین بکەن.
 
رۆژی چوارشەممە، 14ی ئەیلوولی 2022 شاهۆ شەریف، خاوەنی پێشانگەیەکی تایبەت بە فرۆشتنی بەرهەمەکانی ئەپڵ لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیارە رۆژی شەممە 17ی ئەیلوول کاروانی یەکەمی بەرهەمە نوێیەکەی کۆمپانیای ئەپڵ کە مۆبایلی ئایفۆن 14یە، 1000 دانەی بگاتە شاری هەولێر."
 
بە گوتەی شاهۆ شەریف، هەرچەندە هێشتا بە فەرمی ناونووسین بۆ کڕینی مۆبایلەکە دەستیپێنەکردووە، بەڵام لە ئێستاوە تەنیا لە شاری هەولێر 700 کەس بۆ دەستخستنی مۆبایلەکە ناوی خۆیان تۆمار کردووە. گوتیشی، "ئەو کەسانەی ناوی خۆیان نووسیوە لە هەموو توێژەکانن، بازرگان، کاسب، خەڵکی بەرپرس و تەنانەت کرێکار و خەڵکی ئاساییشی تێدایە."
 
لەبارەی نرخی بەرهەمە نوێیەکەی ئایفۆن لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "نرخەکان لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا جیاوازن، چونکە لێرە کرێی گواستنەوە و گومرگیشی دێتە سەر، بۆیە پێشبینی دەکەین لەنێوان 1400 بۆ 1600 دۆلار بێت، ئەو نرخەی ئێمەش بە لانیکەم 200 دۆلار لە بازاڕ هەرزانترە."
 
باسی لەوەش کرد، نرخەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە بارەگای سەرەکیی کۆمپانیای ئەپڵی لێیە جیاوازە و نرخی ئایفۆن 14ی 128 گێگابایت هەزار و 99 دۆلار و 256 گێگا هەزار و 199 دۆلارە.
 
خواستێکی زۆر لەسەر بەرهەمەکانی ئایفۆن لە هەرێمی کوردستان هەیە. خاوەنی ئەو شۆوڕوومەی بەرهەمەکانی ئەپڵ لە هەولێر دەڵێت، "ساڵی رابردوو لە یەکەم کاروانیدا کە ئایفۆن 13ی پرۆ و پرۆماکس بوو 680 مۆبایلمان لە کاژێر 02:00ی شەو گەیشتە هەولێر و کاژێر 06:00ی بەیانی هەمووی فرۆشرا."
 
لە نوێترین تایبەتمەندییەکانی ئایفۆن 14 بریتین لە لابردنی سیمکارت و بەکارهێنانی e-SIM لەو مۆدێلەی کە تایبەت بۆ ئەمریکا دروستکراوە، کە دەتوانرێت ژمارەیەک e-SIM لەسەر یەک ئایفۆن جێگیربکرێن. ئەو تایبەتمەندییە هەروەها رێگە نادات سیمکارتەکە لاببرێت ئەگەر ئایفۆنەکە ونبێت یان بدزرێت.
 
کۆمپانیای ئەپڵ دەڵێت، هەموو مۆدێلەکانی ئایفۆن 14 کە بۆ ئەمریکا دروستکراون، شوێنی سیمکارتی تێدا لابراوە.
 
پەیوەندیی سەتەلایت
 
یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییە ناوازە و نوێیەکانی ئایفۆن 14 زیادکردنی خزمەتگوزاریی پەیوەندیی سەتەلایتە بۆ دۆخی فریاگوزاری بۆ کاتی نەمانی ئاماژە (سیگناڵ)، بەمەش کۆمپانیای ئەپڵ لە دوای واوەی چینی بووە دووەم کۆمپانیا کە ئەو تایبەتمەندییە بۆ ئامێرەکانی زیادبکات.
 
خزمەتگوزاریی پەیوەندیی سەتەلایت رێگە بە بەکارهێنەر دەدات لە بیابان، لەنێو دەریا و لەسەر شاخە دوورەدەستەکان یان هەر شوێنێک کە تاوەری پەیوەندیی لێ نەبێت، بتوانێت لە رێگەی مانگی دەستکردەوە کورتەنامەی فریاگوزاری بنێرێت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوچەکە شوێنەکەی دەدۆزنەوە. 
 
قەبارەی شاشە
 
قەبارەی شاشەی iPhone 14 یەکسانە بە 6.1 ئینچ و  iPhone 14 Plus قەبارەکەی گەورەترە و یەکسانە بە 6.7 ئینچ. 
"قەڵخانێکی سرامیک"ی شاشەکە لە شکان و شوخت دەیپارێزێت، کە یەکەمجارە لە زنجیرە ئایفۆنەکاندا دادەنرێت. 
 
پاتری
 
ئایفۆنی نوێ بەگوێرەی تیم کووک، بۆ ماوەیەکی زیاتر دەمێنێتەوە. 
 
چیپ
 
iPhone 14 هەمان چیپەکەی ساڵی رابردووی iPhone 13 Pro بەکاردێنێت کە بریتییە لە (A15)، ئەوە یەکەمجارە دوو ساڵ هەمان چیپ بەکاردێنێت. 
 
کامێرا
 
کامێرای سەرەکیی ئایفۆن چواردە 12 مێگا پێکسڵە، پێکسڵی گەورەتر، دەرچەیەکی خێراتر و هەستەوەری پێشکەوتووتری هەیە.
 
بۆ یەکەمجار، کامێرای پێشەوە تایبەتمەندی ئۆتۆ فۆکەسی هەیە، کە وادەکات کامێرەکە لە دووری جیاواز و لە رووناکی کزدا فۆکەس بکات بۆ دەستکەوتنی سێڵفی روونتری تاکەکەسی یان بەکۆمەڵ.
 
هەروەها کامێراکە بژارەیەکی نوێی هەیە کە وادەکات ڤیدیۆ تۆمارکردن لە کاتی جووڵەدا نەلەرزن و زیاتر سەقامگیر بن.
 
رەنگەکان
 
iPhone 14 و iPhone 14 Plus بە پێنج رەنگ بەردەستن:
 
شینی تاریک 
 
شیریی پەمەیی باو 
 
شین
 
وەنەوشەیی 
 
سوور
 
iPhone 14 Pro و iPhone 14 Pro Max ئەپڵ قورسایی تایبەتمەندییە نوێیەکانی خستووەتە نێو ئەم دوو جۆر ئایفۆنەوە.
 
iPhone 14 Pro و iPhone 14 Pro Max هەمان تایبەتمەندییان هەیە ئەوە نەبێت کە قەبارەی شاشەکەیان جیاوازە.
 
ئایفۆن 14 پڕۆ قەبارەکەی 6.12 ئینچە 
 
ئایفۆن 14 پڕۆماکس قەبارەکەی 6.7 ئینچە
 
هەردووکی بە چوار رەنگ بەردەست دەبن:
 
رەش
خۆڵەمێشی
 زێڕین (گۆڵد)
وەنەوشەیی
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە