وەزارەتی خوێندنی باڵا: ساڵانە ناوی زیاتر لە 2,000 دەرچووی یەکەم، دووەم و سێیەم زیاد دەبێت

14-09-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان.
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، بەهۆی بڕیاری خانەنشینبوونەوە کێشەی کەمیی فەرمانبەریان بۆ دروست بووە و دەڵێت: ''هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە ساڵی داهاتوو ئەو بۆشاییە بە دەرچووانی یەکەم، دووەم و سێیەم، دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکان پڕبکەینەوە.''
 
 وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێک داوا لە سەرجەم زانکۆ حکومییەکان دەکات، ناوی دەرچووانی سێ یەکەم، هەموو دەرچووانی پزیشکی، تەندروستی و بەشە پزیشکییەکانی ساڵانی خوێندنی 2017-2018 تاوەکو 2024-2025ی بۆ بنێرن، بە مەبەستی ناردنیان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بۆ دامەزراندن.
 
نووسراوەکە ژمارە 17010ـی لە 14-09-2025 دەرچووە و، واژۆی د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستانی لەسەرە و بۆ هەموو زانکۆکان نێردراوە.
 
ئەمڕۆ د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، بەشداریی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد و رایگەیاند: ''ناوی دەرچووانی یەکەمی ساڵانی 2022 و 2023مان لایە کە 10 هەزار و 200 کەسن، مانگانەش بۆ دامەزراندنیان پێویستمان بە 10 ملیار دینارە، بەڵام دەرچووانی دوای ساڵی 2023مان لا نییە.''
 
سەبارەت بە ئامانجی گشتاندنەکەی ئەمڕۆ، د. توانا نەجەف گوتی: ''دەمانەوێت بە دروستی ژمارەی سێ یەکەمەکان بزانین کە تاوەکو ئەمڕۆ چەندیان دانەمەزراون، بۆ ئەوەی لە میلاکدا ئاماژەی پێبکەین بۆ بودجەی ساڵی 2026 و مووچەیان بۆ دابین بکرێت.''
 
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتی: ''دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان و سێ یەکەمەکان بەپێی یاسا دەبێت دابمەزرێن، ساڵانە ناوی دوو هەزار و 200 دەرچووی یەکەم، دووەم و سێیەم بۆ لیستەکە زیاد دەبێت.''
 
بە گوتەی د. توانا نەجەف، شەش زانکۆی پزیشکیی گشتی و 16 زانکۆی بەشە تەندروستییەکان هەن و گوتیشی: ''ئەم گشتاندنە دەرچووانی بەشە پزیشکییەکانی پەیمانگەکانیش دەگرێتەوە.''
 
سەبارەت بە رێکارەکان، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتی: ''پێویستە تۆماری گشتیی زانکۆکان لە ماوەی مانگێکدا هەموو ناوەکانمان بۆ بنێرن، تاوەکو لە میلاکدا زیاد بکرێن و بۆ بودجەی 2026 لەلایەن بەغداوە پەسند بکرێت. دوای ئەوە، پێویستە ئەو دەرچووانە مامەڵەی بایۆمەتری بکەن. ئەم نووسراوە تەنیا بۆ زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانە.''
 
د. توانا نەجەف دەڵێت: ''بەهۆی بڕیاری خانەنشینیی یەکگرتووەوە، نزیکەی 2 هەزار کەس لە وەزارەتی خوێندنی باڵا خانەنشین بوون، ئەمەش کێشەی کەمیی فەرمانبەری بۆ دروست کردووین؛ ئەم گشتاندنە ئامادەکارییە بۆ بودجە و دامەزراندن و هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە لە ساڵی 2026دا ئەو بۆشاییەی دروست بووە، بە دەرچووانی یەکەم، دووەم و سێیەم، دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکان پڕبکەینەوە.''
 
سەبارەت بەوەی کە بڕیار بوو سێ یەکەمەکان لەسەر داهاتی ناوخۆ دابمەزرێن، د. توانا نەجەف گوتی: ''هەوڵێکی لەو شێوەیە هەبوو، بەڵام بۆمان نەکرا، ئێستا ماوەتەوە لەلایەن عێراقەوە دابمەزرێن. بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵا و ئەنجوومەنی راژە کۆبووینەتەوە، ئەوان سوور بوون لەسەر ئەوەی ئەو پارەیەی بۆ مووچە دابین دەکرێت، نە زیاد بێت و نە کەم، بۆیە پێویستە ئەو پارەیە بخرێتە سەر بودجەی هەرێمی کوردستان.''

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.