رێکخراوێک زێڕ دەداتە ئەو گەنجانەی ژیانی هاوژینی پێکدەهێنن

14-09-2025
دووکانێکی زێڕ لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
دووکانێکی زێڕ لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی قەیسەریی خێرخوازی دەستپێشخەرییەکی بۆ هاوکاریکردنی ئەو گەنجانە راگەیاند کە بەهۆی بەرزیی نرخی زێڕەوە رووبەڕووی ئاستەنگی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی دەبنەوە.
 
حاجی سەعد جەلال، سەرۆکی رێکخراوەکە لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "رۆژی هیوا جەمال"، وردەکاریی پرۆژەکەی خستەڕوو کە بریتییە لە پێشکێشکردنی زێڕ وەک دیاری بە چەند بووک و زاوایەک.
 
رێکخراوی قەیسەریی خێرخوازی رایگەیاند، بیرۆکەی پرۆژەکە لە مانگی لەدایکبوونی پێغەمبەرەوە (د.خ) سەرچاوەی گرتووە و گوتی: "مەبەستی سەرەکیمان ئەوە بوو کە یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر بە شێوەیەکی جیاواز بکەینەوە و سوننەتێک زیندوو بکەینەوە، ئەویش پڕۆسەی هاوسەرگیرییە."
 
بۆ دیاریکردنی ئەو کەسانەی شایستەی هاوکارین، حاجی سەعد جەلال پەیوەندیی بە ژمارەیەک مامۆستای ئایینی و کۆمەڵایەتییەوە کردووە، تەنانەت داوای لە کریستیانەکانیش کردووە گەنجی شایستە بۆ سوودمەندبوون لەم پرۆژەیە دیاری بکەن. یەکێک لەو گەنجانەی هەڵبژێردراوە، ئێستا بۆ بەجێهێنانی عەمرە لە سعودیەیە.
 
سەبارەت بە دیارییەکە، سەرۆکی رێکخراوی قەیسەری گوتی: "بۆ هەر بووک و زاوایەک چوار مسقاڵ زێڕی عەیار 21 دابین کراوە، کە لەسەر شێوازی کوەیتییە و بریتییە لە تاخمێکی تەواو (گەردانە، گوارە، ئەنگوستیلە و بازن."
 
حاجی سەعد جەلال جەختی لەوەش کردەوە ئامانج لە ئاشکراکردنی ئەم کارە خێرخوازییە، هاندانی خەڵکی دیکەیە بۆ کاری هاوشێوە و گوتی: "هیوادارین ئەم پرۆژەیە لە دهۆک، هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجەش فراوانتر بێت و دەرگامان کراوەیە بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت بەشدار بێت."
 
رێکخراوی قەیسەریی خێرخوازی داوای لە هاووڵاتییان کرد ئەگەر توانای ماددییشیان نەبێت، دەتوانن "بە قسەیەکی خێر، بە نووسینێکی هاندەرانە و بە سەڵاواتێک" پشتگیریی پرۆژەکە بکەن و ئەمەشی بە باشترین جۆری بەشداری ناوبرد.
 
بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا و لە بۆنەیەکدا لە یەکێک لە مزگەوتەکان، دیارییەکان بە فەرمی پێشکەش بەو بووک و زاوایانە بکرێت، کە بۆ پرۆژەکە هەڵبژێردراون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەک لە بەرنامەی پاشیڤی رووداو

پاشیڤی رووداو؛ "کۆمێنت بنووسە و خەڵات ببەرەوە"

بە ئامادەبوونی ژمارەیەک میوانی تایبەت، ئەڵقەیەکی دیکەی بەرنامەی (پاشیڤی رووداو) پێشکێشکرا و دیارییەکی دیکە بەخشرایە یەکێک لەو کەسانەی زۆرترین کۆمێنتی بۆ پۆستەکانی رووداو کردبوو.