رووداو دیجیتاڵ
وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەوت و بەنزین سەردانی بەغدا دەکات و گوتیشی: "دەمانەوێ لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق پلانێکی ستراتیژی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەوت و بەنزین دابنێین".
کەمال ئەترووشی، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی کەمبوونەوەی بەنزینەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوەی ئێستا هەیە، قەیران نییە، بەڵام راستە بەنزین کەمبووەتەوە و دوو هۆکاریشی هەن، یەکەم: نەناردنی بەنزین لەلایەن ئێرانەوە و دووەمیش: پابەندنەبوون بە ناردنی یەک ملیۆن لیتر بەنزینی رۆژانە لەلایەن بەغداوە.
کەمال ئەترووشی گوتی: "بەنزینی ئێرانی، دوو گرفتی سەرەکی هەیە، یەکەمیان خراپی کوالێتییەکەی و دووەمیشیان هەرکاتێک ئێران بیەوێ، ناینێرێت".
وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەنزین و دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاونیشتمانیاندا، رۆژی شەممە 16-10-2021 سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق کۆدەبێتەوە و گوتیشی "دەمانەوێ پلانێکی ستراتیژی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دابنێین".
رۆژی چوارشەممە 13-10-2021 عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی لە نووسینگەی پەرلەمان لە سلێمانی رایگەیاند، "لە 70%ی بەنزینی کوردستان لە ئێرانەوە دێت، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخە تایبەتەی ئێران هەیەتی ناردنی بەنزین، نەوتی سپی و گازوایل لە ئێرانەوە بۆ کوردستان رادەگیرێت. ئەوەی کە دێت کۆمەڵێک ماددەی پترۆکیمیاوی مەترسیدارە کە لەکۆمەڵێک ماددەی بێکەڵک تێکەڵ دەکرێن و کوالیتی ئۆتۆمبێل تێکدەدات، ئەگەر ئێستا نرخەکەی بە 800 دینار بێت ئەو ماددە مەترسیدارە سەرەتانییە خراپە دەبێتە هەزار بۆ هەزار و 100 دینار."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا عەلی حەمەساڵح ئاماژە بەوە دەدات کە: "ئەگەر تاوەکو دوو هەفتەی ئایندە گوێمان لێنەگیرێت و بە قسەمان نەکرێت، نرخی بەنزین دەبێتە هەزار و 300 دینار. ئەمەش ئەگەر لە دوبەیەوە بێت. ئەمە بۆ گازوایل و غازیش راستە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ