شارەوانیی سلێمانی سێ رۆژ مۆڵەت دەداتە لایەنەکان پۆستەرە کەوتووەکانیان چاک بکەنەوە

14-10-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شارەوانیی سلێمانی سێ رۆژ دەرفەت دەداتە ئەو بەربژێر و لیستانەی بەهۆی رەشەباوە پۆستەرەکانیان لەسەر شۆستەی شەقامەکان کەوتوون، ئەگەرنا خۆیان لای دەبەن.
 
سێشەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2025، زەردەشت رەفیق، لێپرسراوی راگەیاندنی شارەوانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا ژمارەیەک لە پۆستەری بەربژێر و لایەنەکان لە لێواری شۆستەی شەقامەکاندا دانرابوون، بەهۆی بەهێزی رەشەباوە کەوتوون و کێشەیان دروستکردووە، داوامان لەو بەربژێر و لیستانە کردووە پۆستەرەکانیان چاک بکەنەوە."
 
136 بەربژێری تاک و نێو لیستەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی رکابەری دەکەن بۆ بەدەستهێنانی 17 کورسیی پشکی ئەو پارێزگایە بۆ پەرلەمانی عێراق.
 
لێپرسراوی راگەیاندنی شارەوانیی سلێمانی دەڵێ: "داوامان کردووە تاوەکو رۆژی هەینی 17-10-2025 ئەو پۆستەرانە لاببرێن یان چاک بکرێنەوە بەهۆی رەشەباوە کەوتوون، ئەگەرنا وەکو شارەوانی خۆمان لایان دەبەین."
 
لە بازنەی سلێمانی 9 لیست رکابەری دەکەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت.
 
بەگوێرەی رێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەو شوێنانە دیاری دەکرێت کە پۆستەری بانگەشەی هەڵبژاردنی تێدا هەڵدەواسرێت.
 
زەردەشت تۆفیق رایگەیاند :"لەسەرەتای دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن هەندێک پۆستەر لەو شوێنانە دانرابوون رێگەپێنەدراو بوون و چارەسەرکران." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە