فەوزی هەریری: لێتێگەیشتن هەیە لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا بۆ پرسە سەرەکییەکان هاوڕابن

14-10-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.
فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رادەیدەگەینێت، "لێکتێگەیشتن هەیە" لە پەرلەمان و حکومەتی داهاتوو لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا هاوڕابن لەسەر پرسە سەرەکییەکان تایبەت بە هەرێمی کوردستان، داوا دەکات لایەنەکان لە بانگەشەدا داوا و داخوازی خەڵک و خزمەتکردنیان بخەنە پێش هەموو شتێک.
 
فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ سەنگەر عەبدولڕەحمان رایگەیاند :" پەیاممان ئەوەیە، لایەنە سیاسییەکان ئەرکیانە پرسەکانی خەڵک، خزمەتگوزاری و پەرەپێدانی دۆخی ژیانیان بخەنە پێش هەموو شتێك، گوزەرانی خەڵک بکەنە بەرنامەی سەرەکیان، دروشم بەس نییە و گرنگە بە کردار خزمەتی خەڵک بکەن.''
 
فەوزی هەریری بەراوردی نێوان دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات و دەڵێ، لەدوای 2003ـوە لایەنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان زۆر زیاتر خزمەتی خەڵکیان کردووە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق، بۆیە هیواخوازین خەڵک بەشداری کارایان هەبێ لە هەڵبژاردندا.'' 
 
هاوڕایی بۆ هاودەنگی لەسەر پرسە سەرەکییەکان بۆ کوردستان 
 
هەرێمی کوردستان بە کۆمەڵێک دۆسیەوە دەچێتە نێو رکابەرییەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، مووچە و مادەی 140 و سنوور و کۆمەڵێک پرسی دیکە، فەوزی هەریری دەڵێ: "هەرێمی کوردستان لەدوای 2003 لە عێراق " کینگ مەیکەر " بوو، پارتەکانی کوردستان، بەتایبەت یەکێتی و پارتی ئەوان بڕیاریاندەدا کێ سەرۆکوەزیران بێ، تەنانەت بڕیاریان لەسەر ئەوە دەدات کێ دەبێتە وەزیر و دەبوو سێ چوار ناو پێشکێش بکرێت پێش ئەوەی یەکێک بکرێتە وەزیر.'' 
 
فەوزی هەریری دەڵێ: "لەبەر زۆر هۆکار ئەو هێزەمان نەماوە، وڵاتانی دراوسێی عێراق رۆڵیان زیاتر بووە، حیزبە سیاسییەکان لە عێراق ئەزموونیان پەیداکرد و لە یارییەکە فێربوون، بەداخەوە دۆخی هەرێمی کوردستان و کێشە نێوخۆییەکانیش هۆکار بوون.'' 
 
فەوزی هەریری نموونە بە ئەنجوومەنی نیشتمانی لە عێراق دەهێنێتەوە و دەڵێ: "ئەو کاتەی دامەزرا پێش ئەوەی بگۆڕێ بۆ پەرلەمان، نزیکەی 70 ئەنداممان هەبوو لە کۆی 220 ئەندام، بەڵام ئێستا لە پەرلەمان لە 329 کەس نزیکەی 60 ئەنداممان هەیە، ئەو 60 ئەندامەش قەت 40 کەسیان پێکەوە هاوڕانەبوون لەسەر پرسێک بەداخەوە.'' 
 
فەوزی هەریری ئاشکرای دەکات، "لە کۆمەڵێک دیدار لەماوەی دوو سێ هەفتەی رابردوو، نیمچە لێکتێگەیشتنێک هەبووە بە خۆشحاڵییەوە لەنێوان هەردوو پارتە سەرەکییەکە، واتە پارتی و یەکێتی، بۆ ئەوەی پێکەوە هاوڕابن و چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەغدا بدۆزنەوە، پێکەوە بەرگری لە مافی خەڵکی کوردستان بکەن، مەرج نییە بۆ هەموو پرسەکان، بەڵام بابەتە سەرەکییەکان هاوڕابن لەسەری، لەوانە مووچە و بودجە و پێشمەرگە .''
 
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ :" هیواخوازین بانگەشە زۆر تووند نەبێ،بەڵام پێکنەهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاریگەری دەبێ لەسەر بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.''
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.