رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕەکێکی نوێی کەرکووک، کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی عەرەبی سوننەیە، هێشتا ناو بۆ گەڕەکەکە دانەنراوە، لەدوای هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەر دانیشتووانەکەی بە پارچە بلۆک، نایلۆ و پلاستیک خانووەکانیان بە زیادەڕۆ دروستکرد و پسوولەی خۆراک و کارتی دەنگدانیان گواستووەتەوە سەر کەرکووک.
هێشتا خزمەتگوزاریی سەرەتایی بە بەشێک لە گەڕەکەکانی کەرکووک نەگەیشتووە؛ کەچی بەپێی ئامارەکان، یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی زیادبوونی دەنگی عەرەب لە بازنەی کەرکووک.
سەرەڕای ناکۆکییەکانی نێو ماڵی عەرەب لە کەرکووک، دەنگی لایەنە عەرەبییەکان بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2021 هەموو لایەنە عەرەبییەکان 120 هەزار و 672 دەنگیان هێنابوو، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەمجارە دەنگەکانیان بۆ 234 هەزار و 221 دەنگ بەرزبووەتەوە.
ئیسماعیل حەدیدی، سەرۆکی بەرەی عەرەبی یەکگرتوو دەڵێت، "پێشبینیمان دەکرد تەقەدووم 65 هەزار دەنگ بهێنین و دوو کورسی بۆ پیاو و ئافرەتێک بەدەستبهێنێت، بەڵام بەڕێز حەلبووسی پێداگریی کرد لە 100 هەزار دەنگ کەمتر نەهێنێت و ئەو ژمارەیەشمان بەدەستهێنا کە بەڕێز حەلبووسی پێشبینیی کرد، دەرئەنجام بووینە خاوەن 5 کورسی."
پێنج کورسییەکەی عەرەب لە کەرکووک، 3 کورسی بۆ تەقەدووم، یەک کورسی بۆ عەزم و یەک کورسییش بۆ هاوپەیمانیی سیادە بوو.
محەممەد تەمیم، سەرلیستی تەقەدووم لە کەرکووک لە هەڵبژاردنی 2021دا 24,391 دەنگی هێنابوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا دەنگەکانی بۆ 37,160 زیادیکرد. موهەیمەن حەمدانی، کە دووەم بەربژێری براوەی تەقەدووم بوو، دەنگەکانی لە 14,358ەوە بۆ 16,669 دەنگ بەرزبووەوە.
عەزام حەمدانی گوتەبێژی عەزم لە کەرکووک رایگەیاند، "وەکو هاوپەیمانیی عەزم، چاومان لە بەدەستهێنانی سێ کورسی بوو، جیاواز لە پارێزگاکانی ئەنبار، نەینەوا، بەغدا و سەڵاحەدین، بەڵام لە کەرکووک وادیارە رێککەوتنێک هەبووە لەلایەن هەندێک لایەنی عەرەبی و لایەنەکانی جگە لە عەرەب. هاوپەیمانیی عەزم دەبوو پشکی هەبێت لەو دەنگانە، بەڵام هەڵبژاردن رێڕەوی خۆی گرت و ئێمەش رێز لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە دەگرین."
بەپێی ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە کەرکووک، رێژەی بەشداریکردن لە ناوچە کوردییەکان 43% و لە ناوچە تورکماننشینەکان 17% و لە ناوچە عەرەبنشینەکان 38% بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ