رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ چڕبوونەوەی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران، عێراق خۆی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدا دەبینێتەوە. گرووپەکانی ناو "بەرەی مقاوەمە" بە راشکاوی رایدەگەیێنن کە لە ئەگەری هەر هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناو خاکی عێراق دەکەنە ئامانج و رێگەنادەن خاک و ئاسمانی وڵاتەکەیان دژی تاران بەکاربهێندرێت.
گرووپە چەکدارەکانی عێراق، کە خۆیان بە هاوپەیمانی ستراتیژیی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەزانن، بێ دوودڵی ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە پارێزراو نابێت.
شێخ کازم فەرتووسی، گوتەبێژی کەتائیب سەیدولشوهەدا لەو بارەیەوە بە رووداوی راگەیاند: "ئەگەر جەنگەکە دەستپێبکات، وەڵامی ئێران بۆ ئەمریکا راستەوخۆ دەبێت، بەڵام ئێمەش وەک لایەنە عێراقییەکان بنکە سەربازییەکانیان لە عێراق دەکەینە ئامانج. پێمانوایە ئەو بنکانە دژی ئێران بەکاردەهێندرێن، ئەمەش وادەکات عێراق راستەوخۆ بچێتە نێو جەنگەکەوە، سەرەڕای ئەوەی رەنگە سەرکردە سیاسییەکان ئەوەیان نەوێت."
هەرچەندە حکومەتی عێراق بە فەرمی هەوڵدەدات سیاسەتی "بێلایەنی" پەیڕەو بکات، بەڵام لایەنە سیاسییە دەستڕۆیشتووەکان کە زۆربەیان لە پێکهاتەی شیعەن، هۆشداریی تووند دەدەنە واشنتن لەبارەی بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق.
حەسەن فەدعەم، سەرکردە لە رەوتی حیکمە، جەخت لە پاراستنی سەروەریی عێراق دەکاتەوە و دەڵێت: "داوا لە ئەمریکا دەکەین، بەو پێیەی لە خاک و ئاسمانی عێراقدا بوونیان هەیە، بە هیچ شێوەیەک پێشێلکاری نەکەن. بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ لێدان لە دەوڵەتی دراوسێمان، کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە هیچ جۆرێک قبووڵکراو نییە و بێگومان بەرامبەر هەر پێشێلکارییەک هەڵوێستی تووندمان دەبێت."
لە نێوان هەڕەشەکانی ئەمریکا و ئامادەکارییەکانی ئێراندا، بڕیارە سیاسییەکانی بەغدا کە زۆربەیان لە ژێر کاریگەریی لایەنە شیعەکاندایە، مەیلیان زیاتر بەلای تاراندا دەشکێتەوە. چاودێران پێیان وایە عێراق بەهۆی پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی لەگەڵ هەردوو جەمسەرەکە، زەحمەتە بتوانێت لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگدا خۆی لەو یارییە مەترسیدارە بەدوور بگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ