رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ لە هەولێر لەژێر پردی سەیداوە ئاو پەنگیخواردووە و ئاستی ئاوەکە هێندە بەرزبووەتەوە چەند ئۆتۆمبێلێک ژێرئاو کەوتوون.
رۆژی پێنجشەممە، 15-02-2024، فەرهاد دۆڵەمەری، پەیامنێری رووداو لە هەولێر لە سەیداوە گوتی، تیمەکانی بەرگریی شارستانی و پۆلیس و ئاسایش هاتوونەتە شوێنی رووداوەکە بە مەبەستی پاراستنی سەروماڵی هاونیشتمانییان و دەرهێنانی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە نێو ئاوەکەدان.
لە شەوی رابردووەوە شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، پێشتریش کەشناسیی هەرێمی کوردستان هۆشداری لەبارەی دروستبوونی لافاو و بارانبارینی بەخوڕ دابوو، بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینەوە شەوی رابردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و قەزای دەربەندیخان لە دامودەزگە حکومییەکان و بەشێکیان لە ناوەندە پەروەردەییەکان پشوویان راگەیاند، بەڵام پارێزگای هەولێر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە سنووری پارێزگاکەیان دەوام ئاساییە و پشوو نییە.
یەکێک لەو هاونیشتمانییانەی لە نزیک پردی سەیداوە بووە لە کاتی لافاو و کۆبوونەوەی ئاوەکە، بە رووداوی گوت، "ئۆتۆمبێلێکی زۆر کەوتنە ژێر ئاوەکە، دوو کاژێری پێنەچوو چوومە ئەولا و هاتمەوە ئەو هەموو ئۆتۆمبێلە ژێرئاوکەوتن، ساڵانە لەم شوێنەدا ئاوی زۆر کۆدەبێتەوە و زیان بە خەڵک دەگەیەنێت."
پەیامنێری رووداو باسی لەوەکرد، هیچ تابلۆیەک لەو شوێنە هەڵنەواسراوە تاوەکو شۆفێران رەچاوی بکەن و لە کاتی کەشوهەوای باراناویدا ئۆتۆمبێلەکانیان لەو شوێنە رانەگرن.
دیمەنەکان راستەوخۆ لە رووداو
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ