ئومێد خۆشناو لەبارەی لافاوەکەی ئەمڕۆی هەولێر: زیانی گیانی نەبووە

15-02-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە شوێنی پەنگخواردنەوەی ئاو لە نزیک پردی سەیداوە قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە شوێنی پەنگخواردنەوەی ئاو لە نزیک پردی سەیداوە قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر دەڵێت، لافاوەکەی ئەمڕۆی هەولێر قوربانی گیانی تێدا نەبووە و ئێستاش دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە.
 
هەروەها گوتی، پلانێک دادەنێن بۆ چارەسەرکردنی گرفتی نزیک بازاڕ و پردی سەیداوە.
 
ئومێد خۆشناو ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە شوێنی پەنگخواردنەوەی ئاو لە نزیک پردی سەیداوە قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
 
ئەمڕۆ لە دەوروبەری پردی سەیداوە لە هەولێر، 11 ئۆتۆمبێل ژێرئاو کەوتن و لە شوێنەکانی دیکەی شارەکەش دەیان ئۆتۆمبێلی دیکە زیانیان بەرکەوت.
 
پارێزگاری هەولێر لەبارەی ئەو شوێنانەی شارەکەی کە ئەگەری کۆبوونەوەی ئاو و دروستبوونی لافاویان تێدایە گوتی، "چوار شوێن ماون کە هەمیشە مەترسی لافاویان هەیە، ئەوانیش بریتین لە گەڕەکی سەیداوە، گەڕەکی گڵکەند، بەرزەپردی ئەکرەم مەنتک و بەرزە پردی نزیک فاملی مۆڵ".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، لە 24 کاژێری رابردوودا، سەرجەم تیمەکانیان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، "بەڵام هێشتا بەداخەوە لێرە [لای پردی سەیداوە] نزیکەی 10 ئۆتۆمبێل ژێر ئاوکەوتوون و چەند دووکانێکیش زەرەرمەند بوون".
 
لەبارەی ژێرئاوکەوتنی ئۆتۆمبێلەکانەوە لە سەیداوە، ئومێد خۆشناو دەڵێت، بەشێکی کەمتەرخەمی خودی شۆفێرەکانە چونکە ئاگادارکراونەتەوە لەو شوێنەدا ئۆتۆمبێل رانەگرن.
 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەشی پێشبینی کەشناسی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بارانبارین بەردەوام دەبێت و لە سەرجەم ناوچە شاخاوییەکان و سەنتەری پارێزگاکان ئاستی دابارین مامناوەند دەبێت، زۆرترین رێژەی بارانی پێشبینیکراو لەکاتەکانی دوای نیوەڕۆ لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و بەشێک لە باشووری پارێزگای سلێمانی دەبێت. هەندێک کات لەکاتی باران هەورەبرووسکەشی لەگەڵ دەبێت و کاریگەری ئەم شەپۆلە لە شەودا لاواز دەبێت.
 
لەبارەی پێشبینییەکان بۆ رۆژی هەینی، بەشی کەشناسی دەڵێت، لە کاتەکانی بەیانی ئاسمان نیمچە هەور دەبێت پاشان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، لە دوای نیوەڕۆ بارانبارین لە ناوچە جیاجیاکان بە شێوەی نمەباران و هەندێک کات بارانی مامناوەند دەبێت، بەتایبەت لە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و سلێمانی، پلەی گەرماش بەراورد بە ئەمڕۆ 1 تاوەکو 2 پلە بەرزتر دەبێتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە