رووداو دیجیتاڵ
ئەم هەفتەیە شاندی باڵای پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە. راوێژكاری سەرۆكی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەڵێت، "تاوەکو ئێستا باسی دابەشکردنی پۆستەکان نەکراوە، بەڵام لەو کۆبوونەوەیەدا باس دەکرێت."
لیژنەیەکی تەکنیکی لەنێوان پارتی و یەکێتی پێکهێنرا بۆ شێوازی بەڕێوەبردنی کابینەی نوێی حکومەت. دوای پێنج کۆبوونەوە، 4ـی ئەم مانگە، لیژنەکان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا گوتیان، دوایین کۆبوونەوەیان کردووە و، "لێكگهيشتنى هاوبهش و رێككهوتنى سهرهتايى لهسهر زۆربهى تهوهرهكان هاتووهتهدی."
لیژنەی تەکنیکیی پارتی بە سەرۆکایەتیی پشتیوان سادق و ئەندامیێتیی دڵشاد شەهاب و ئومێد سەباح بوو. شاندی یەکێتیش بە سەرۆکایەتیی رێواز فایەق و ئەندامیێتی هەریەک لە شاڵاو شێخ سەلاح و ئامانج رەحیم بوو.
رۆژی شەممە، 15ـی شوباتی 2025، بێستوون فایەق، راوێژكاری سەرۆكی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم هەفتەیە، شاندی باڵای پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە، بەشێکی زۆری کارەکانی نێوانیان یەکلایی کراونەتەوە و لێکنزیکبوونەوەی باش هەیە، بەڵام لە هەندێک خاڵیش دا جیاوازی هەیە."
لەبارەی پێکهێنانی حکومەت، راوێژكارەکەی سەرۆكی یەکێتی دەڵێت، "باشترین حکومەت ئەوەیە، کە پارتی و یەکێتی بەتەنیا پێکیبهێنن، تاوەکو لایەنەکان زیاتر بن، کێشە و لێکتێنەگەیشتنەکانیش فراونتر دەبن."
کارە تەکنیکییەکانی رەشنووسەکە تەواو کراون، بەڵام تاوەکو ئێستا باسی پۆستەکان نەکراوە. بێستوون فایەق گوتی، "لەو کۆبوونەوەیەدا باسی دابەشکردنی پۆستەکان دەکرێت، جارێ باسی ئەوە نەکراوە کە چ کەسێک بۆ چ پۆستێک دیاریکراوە؛ ئەوەی دەگوترێت هەمووی پڕوپاگەندەیە."
زیاتر لە سێ مانگ بەسەر هەڵبژاردن و زیاتر لە دوو مانگیش بەسەر یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمان تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا لایەنە سیاسییەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت.
هەر ئەمڕۆ کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی کۆبووەوە و رایگەیاند، بۆ پێکهێنانی حکومەت، "لێکتێگەیشتن و لێکنزیکبوونەوە لەسەر زۆر بابەتى سیاسى و ئیدارى لەگەڵ یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان دروست بووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ