لیژنەی چاودێریی بازرگانیی هەولێر لە هەڵمەتێکدا 10 کۆگەی داخست

15-02-2025
دڵنیا رەحمان
دڵنیا رەحمان @dilnyarahman
کۆگەکان بەهۆی بەسەرچوونی بەرهەمەکانەوە داخران.
کۆگەکان بەهۆی بەسەرچوونی بەرهەمەکانەوە داخران.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لیژنەیەکی تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانیی هەولێر بەمەبەستی چاودێری، سەردانی چەند کۆگەیەک دەکەن. هەر لەدەستپێکی گەڕان، بەهۆی بوونی جرج کۆگایەک داخرا. دواتر کارگەیەکی شیرەمەنیش بەهۆی بەسەرچوونی بەرهەمەکانی داخرا. 
 
لە کارگە شیرەمەنییەکە، جگە لە بەسەرچوونی بەرهەمەکانی، هیچ مەرجێکی تەندروستیشی تێدا بەدی ناکرێت.. 
 
یەکێک لەو شتانەی  لە کۆگاکان زۆر سەرنجی لەسەرە ئەوەیە، بەشێک لەو شتانەی لە کارگەکان بەرهەمدەهێنرێن، رێکەوتی لەسەر نییە، بەڵکو بە لەزگەیەک رێکەوتەکەی لەسەر دادەنێن، کە هەرکاتێک بیانەوێت دەتوانن نوێی بکەنەوە و کەس نازانێت کەی بەسەردەچێت.
 
بەشێک لە کۆگاکان کە کێشەی گەورەیان نەبوو، تەنیا پسووڵەیەک دەرکرا و دەبێت سەردانی بەرێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی بکەن.
 
عەبدوخالق ئەنوەر، خاوەنی کۆگەی خۆراکە و دەڵێت، "رێنماییەکان ئەوە بوو بالێتمان کەم بوو و دابینی دەکەین، هەروەها لە سێ کۆگە، تابلۆمان لە یەکیان داوە، و ئینشاڵڵا لەم دوو رۆژە تابلۆیان لێدەدەین و رێنماییەکان جێبەجێ دەکەین." 
 
لە هەڵمەتەکەی ئەمڕۆدا لە کۆی 15 کۆگا و کارگە 10ـیان داخران و پسووڵە بۆ چواریان دەرکرا.
 
هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی هەولێر لەبارەی هەڵمەتەکەیان دەڵێت، "بەپێی رێنمایی ژمارە 6ـی ساڵی 2021، دەسەڵاتی داوەتە بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری بازرگانیی هەولێر کە ئەو شوێنانەی دادەخرێن، ئەگەر لەدوای پێدانی رێنمایی هەمان کێشەیان هەبێت، رووبەڕووی دادگایان دەکەینەوە و هەندێکیان بە پێبژاردن سزا دەدرێن و بەڵێننامەشیان پێ پڕ دەکەینەوە. هەروەها پێبژاردنەکە لە 50 هەزار دەستپێدەکات تاوەکو 5 ملیۆن دینار. 
 
هەڵمەتی گەڕان بە نێو کۆگا، کارگەکان و بازاڕەکانی هەولێر تایبەت بە مانگی رەمەزان لە ئەمڕۆوە دەستیپێکردووە و تاوەکو جەژنی رەمەزان بەردەوام دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە