ئێران بەندکراوێکی ئایینیی کوردی لەسێدارە دا

15-05-2024
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانی ئەمڕۆ زیندانییەکی ئایینیی کوردی خەڵکی مهاباد، دوای 15 ساڵ لە گرتووخانەیەکی ئێران لەسێدارە درا.
 
بەگوێرەی راگەیاندنی ناوەندەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان، حکومەتی ئێران بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 15-05-2024 خەسرەو بەشارەت، زیندانیکراوی ئایینیی خەڵکی مهابادی لەسێدارە داوە، "لە گرتووخانەی قزڵحەساری کەرەج، سزاکەی جێبەجێ کراوە."
 
خەسرەو بەشارەت، خەڵکی شاری مهاباد، 15 ساڵ بوو لە زیندان بوو. ساڵی 2016 لەلایەن دادگەی ئێرانەوە بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نیشتمانی و ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکان، لەگەڵ شەش کەسی دیکە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو. لە چەند مانگی رابردوودا سزای پێنج کەسیان جێبەجێ کرا، لەوانە ئەنوەر خزری کە رۆژی 01-05-2024 سزاکەی جێبەجێ کرا، هەروەها ئەیوب کەریمی، داوود عەبدوڵاهی، قاسم ئابستە و فەرهاد سەلیمیش پێشتر سزاکەیان جێبەجێ کرابوو.
 
مانگی رابردوو رێکخراوی ئەمنستی لە راپۆرتی ساڵانەیدا، هۆشداریی لە زیادبوونی ژمارەی دەستگیرکردن و لەسێدارەدانی چالاکڤانانی سیاسی و ئایینی لەلایەن ئێرانەوە دا و رایگەیاند، ئێران لە ساڵی 2023دا گوشارەکانی سەر نەتەوەکانی کورد، بەلووچ، عەرەب و ئازەری و هەروەها پێکهاتە ئایینییەکانی وەکو یارسان و سوننە، زیاد کردووە.
 
بەگوێرەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران، لانیکەم 40 گیراوی سیاسی و ئایینی لەو وڵاتە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە و ئەگەری هەیە حکومەتی ئێران، سزاکەیان جێبەجێ بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە