نێچیرڤان بارزانی بۆ قوتابیان و لاوانی کوردستان: وەک ھەمیشە، پشت و پەنا و ھاوکارتانین

15-05-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکیدا بە بۆنەی سەرکەوتنی کارەکانی کۆنگرەی یەکگرتنەوەی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی لە قوتابیان و لاوانی کوردستان دەکات.
 
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 15ـی ئایاری 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی لە پەیامێکی پیرۆزباییدا رایگەیاند: "دوای یەکگرتنەوەتان دەبێ کاری زیاتر بکەن بۆ پارێزگاری لە گیانی ھاوکاری و لێبوردەیی و ھەمیشە بەرگریکار بن لە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و کرانەوە و کولتووری پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن و ئەو بەھایانەی لە کوردستان شانازییان پێوە دەکەین."
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە هەردوو رێکخراوی قوتابییان و لاوانی پارتی دیموکراتی کوردستان (کۆنگرەی یەکگرتن)یان بەست و یەکیانگرتەوە. 
 
یەکێتیی قوتابییانی کوردستان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان دوو رێکخراوی جەماوەری سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانن.
 
نێچیرڤان بارزانی هاوکات، دەڵێت: "لە کاتێکدا شانازی بە ئەندامیەتی و کارکردن و خزمەتکردنم لە ریزەکانی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستاندا دەکەم کە بۆ من وەک قوتابخانەیەک وابوو، دڵنیاتان دەکەمەوە وەک ھەمیشە، پشت و پەنا و ھاوکارتانین." 
 
لە کۆنگرەى سێیەمى پارتی دیموکراتى کوردستان لە 26ى کانوونى دووەمى 1953، بڕیار لە دامەزراندنى رێکخراوە جەماوەرییەکان درا.
 
رۆژی 18ى شوباتى 1953، یەکەم کۆنگرەى یەکێتى قوتابییانى کوردستان بەشێوەیەکى نهێنى لە شارى بەغدا بەسترا. ئەحمەد عەبدوڵڵا ئامێدى، وەک یەکەم سەرۆک و جەلال تاڵەبانى، بە سکرتێرى رێکخراوەکە هەڵبژێردران. هەر لە هەمان ساڵدا یەکێتیی لاوانی دیموکراتیی کوردستان دامەزرا.
 
له‌ رۆژانی 28 تاوەکو 30ی ئابی 1986، له‌ گوندی خنێره‌ی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر، بە درووشمی (به‌ره‌و یه‌كگرتن بۆ رووخاندنی رژێم و كۆتاییهێنان به‌ شه‌ڕ تاوەکو بتوانین به‌ ئاشتی و دیموكراسی بخوێنین)، كۆنفرانسی هاوبه‌شی یه‌كێتیی قوتابییان و لاوانی دیموكراتی كوردستان،‌ به‌ ئاماده‌بوونی 77 نوێنه‌ر ده‌ستی به‌ كاره‌كانی كرد. مه‌به‌ستی ئه‌م كۆنفرانسه‌یش یه‌كخستنی یه‌كێتیی قوتابییانی كوردستان و یه‌كێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان بوو له‌ یه‌ک رێكخستن دا.
 
ساڵی 1993 لە کۆنگرەی هەشتەمدا هەردوو رێکخراوەکە جیاکرانەوە.
 
ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی:
 
بۆ یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان
 
سڵاو و ڕێز..
 
لە دڵەوە و بە گەرمی پیرۆزباییتان لێ دەکەم بۆ بەستن و سەرکەوتنی کارەکانی کۆنگرەی یەکگرتنەوەتان‌، بەو ھیوایەی ئەم ھەنگاوە گرنگەتان، سەرەتایەکی نوێی کارا بێت بۆ خزمەتکردنی زیاتر و باشتری قوتابیان و لاوان لە کوردستان و بەھێزکردنی ئامادەیی و ڕۆڵی گرنگیان لە پرۆسەی گەشەپێدان و بەرەوپێشچوونی وڵات و کۆمەڵگەدا. لەم بۆنەیەدا دروود بۆ گیانی پاکی بارزانیی نەمر دەنێرن کە بە ڕاسپاردە و فەرمانیان، یەکێتییەکەتان دامەزرا. 
 
ھەردوو ڕێکخراوەکەتان، چ پێکەوە، چ جیا، بۆ ماوەی زیاتر لە حەفتا ساڵ، ڕۆڵی بەرچاویان لە بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری، ڕێکخستنی توانای قوتابیان و لاوان، بەرگریکردن لە مافەکانیان و چەسپاندنی گیانی نیشتیمانی و بەرپرسیاریەتی، گێڕاوە. ئەم ڕۆڵە تەنھا لە بواری پەروەردەیی و کۆمەڵگەییدا سنووردار نەبووە، بەڵکوو درێژبووەتەوە بۆ گۆڕەپانەکانی خەبات و شۆڕش. زۆرێک لە ئەندامەکانتان پێشمەرگایەتییان کردووە و لەپێناو ئازادیی کوردستان و شکۆی گەلەکەیدا، شەھیدیان داوە. بەشداریتان لە ئامادەکردنی چەندین نەوەی کادیراندا کردووە کە بوونەتە سەرکردە و کەسانی کاریگەر لە ژیانی سیاسی، حکوومی و خزمەتگوزاریی گشتیدا.
 
قوتابیان و لاوان، لە مێژووی درێژی خەباتدا، ھەمیشە سەلماندوویانە کە باوەڕیان بە بەھاکانی گۆڕانکاری، پێشکەوتن و ئازادی ھەیە. ئەوان تەنھا چاودێری گۆڕانکارییەکان نەبوون، بەڵکوو لە ھەموو بوارەکاندا، دروستکەریان بوون. ئێستاش دروشمی کۆنگرەکەتان: "پەروەردە، زانست، تێكۆشان" تەنھا وشە نییە، بەڵکوو نەخشەڕێگایەکە کە گوزارشت لە تێگەییشتن و ڕۆڵ و ئەرکتان دەکات. بۆیە لەو دۆخە ھەستیارەی کە ناوچەکە بەگشتی تیایدایە، ڕۆڵتان لە پشتگیریکردنی پرۆسەی پەروەردەیی و زانستی، بەرزکردنەوەی ھۆشیاریی قوتابیان و لاوان و داکۆکیکردن لە ماف و داواکارییە ڕەواکانیان بە گیانێکی ھۆشیار و دووربینەوە، گەورەتر دەبێت.
 
داھاتووی وڵات لە ئەستۆی ئێوەدایە، بۆیە دەبێ نموونە بن بۆ نەوەکانی داھاتوو و بە گیانێکی پڕ لە ھیوا و متمانەوە سەیری دواڕۆژ بکەن. خۆتان بە زانست و زانین و تەکنۆلۆجیا چەکدار بکەن و لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکانی سەردەمی نوێدا، بگونجێنن. ئێوە پردی پەیوەندیی نێوان لاوان و قوتابیانی کوردستان و جیھان و دەنگی ئەوانن لە گۆڕەپانەکانی کاریگەری و گۆڕانکاریدا. دوای یەکگرتنەوەتان دەبێ کاری زیاتر بکەن بۆ پارێزگاری لە گیانی ھاوکاری و لێبوردەیی و ھەمیشە بەرگریکار بن لە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و کرانەوە و کولتووری پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن و ئەو بەھایانەی لە کوردستان شانازییان پێوە دەکەین.
 
لە کاتێکدا شانازی بە ئەندامیەتی و کارکردن و خزمەتکردنم لە ڕیزەکانی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستاندا دەکەم کە بۆ من وەک قوتابخانەیەک وابوو، دڵنیاتان دەکەمەوە وەک ھەمیشە، پشت و پەنا و ھاوکارتانین. لە ھەموو کار و ھەنگاو و ھەوڵێکی دڵسۆزانەتاندا لەپێناو بەرەوپێشبردنی نەوەیەکی ھۆشیار و کۆمەڵگەیەکی گەشەسەندووی مەدەنی و گۆڕینی توانای لاوان بۆ ھێزێکی کارای بنیاتنەر، پشتوانتانین و لەگەڵتاندا دەبین. 
 
پیرۆزبایی لە ستافی نوێتان دەکەم، ھیوای سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونی بەردەوامتان بۆ دەخوازم.
 
ھەر شاد بن.
 
نێچیرڤان بارزانی
 
٢٠٢٥/٥/١٥

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.