پڕۆژەی رووناکی: نرخی کارەبای سیتییەکانیش هەمان شێوەی گەڕەکەکان دەبێت

15-05-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

زیاتر لە ساڵێکە بەشێک لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان کە بە "سیتییەکان" ناودەبرێن، لە دەرەوەی پڕۆژەی رووناکی کارەبایان کراوەتە 24 کاژێری و یەک کیلۆواتیان لە 156 دینارەوە دەستپێدەکات، تیمی پڕۆژەکە دەڵێن، کارەبای ئەوانیش هاوشێوەی گەڕەکەکان نرخەکەی دادەبەزێندرێت.

چوارشەممە، 14-05-2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رەشنووسی پڕۆژەی "رووناکی" بۆ دابینکردن و دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاریی کارەبای 24 کاژێری بۆ هاوبەشانی تۆڕەکانی کارەبای نیشتمانی پەسندکرد، کە نرخەکەی تاوەکو 400 کیلۆت بە 72 دینارە و دواتر بەگوێرەی بەکارهێنان بەرز دەبێتەوە.
 
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە، کە گوایە کارەبای پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون یەک کیلۆواتی لە سەرەتاوە بە 156 دینار دەبێت، هاوشێوەی ئەو پڕۆژە نیشتەجێبووانەی زیاتر لە ساڵێکە کراون بە 24 کاژێری، کە نرخی یەک کیلۆواتیان لە 156 دینارەوە دەستپێدەکات.
 
لەبارەی نرخی کارەبای پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون، ئەمڕۆ پێنجشەممە تیمی پڕۆژەی رووناکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کارەبای هەموو سیتییەکان، ئەوانەی کراون بە 24 کاژێری لە رابردوودا و ئەوانەشی لە داهاتوودا دەکرێن، هاوشێوەی گەڕەکەکان دەبن و نرخ هەمووی یەک دەبێت".
 
بە گوێرەی ئەو پڕۆژەیەی بۆ نرخی کارەبای 24 کاژێری لە پڕۆژەی رووناکیدا پەسەند کراوە، نرخەکە بەمشێوەیە دەبێت:
 
1 بۆ 400 کیلۆوات
72 دینار
 400 بۆ 800 کیلۆوات
108 دینار
800 بۆ 1200 کیلۆوایت
175 دینار
 1200 بۆ 1600 کیلۆوات
265 دینار
 
1600 بۆ سەرەوە
350 دینار
 
پڕۆژەی رووناکی لە تشرینی یەکەمی 2024 دەستیپێکردووە، بە گوێرەی داتاکانی پڕۆژەکە تاوەکو ئێستا 219 هەزار هاوبەش لە پڕۆژەکە سوودمەند بوون، بەهۆی پڕۆژەکەوە 700 موەلیدەی ئەهلی لە گەڕەکەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک کوژێندراونەتەوە، بەڵام هەڵنەگیراونەتەوە، هەر کاتێک کارەبای نیشتمانی نەبێت موەلیدەکان دەخرێنەوە کار.
 
بەپێی ئەو بەرنامەیەی پڕۆژەی رووناکی دایناوە، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ، سەرجەم هاوبەشانی کارەبا لە سەنتەری شارەکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و سلێمانی) دەبنە خاوەنی کارەبای 24 کاژێری، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026یش سەرجەم هاوبەشانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دەبنە خاوەنی کارەبای 24 کاژێری.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.