رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی رێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکی دەڵێت، لە دوای بڕیاری پەکەکەوە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە، تورکیا هەشت جار سنوورەکانی هەرێمی کوردستانی تۆپباران کردووە.
12ـی ئایار، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رایگەیاند، کۆنگرەی 12ـەمیان لەنێوان رۆژانی 5 بۆ 7ـی ئەم مانگە کردووە و بڕیاری چەکدادان و خۆهەڵوەشاندنەوەیان داوە.
هەرچەندە بەپرسانی باڵای تورکیا پێشوازییان لە بڕیارەکەی پەکەکە کردووە، بەڵام بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT)ـی ئەمریکی، هێرشی ئەو وڵاتە بۆ سەر پەکەکە لە هەرێمی کوردستان نەوەستاوە.
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی رێکخراوی سی پی تی، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە دوای بڕیارەکەی پەکەکەوە، تورکیا هەشت جار هەردوو سنووری چیاکانی مەتین و گارەی لە پارێزگای دهۆک تۆپباران کردووە".
رێکخراوەکە بەشێوەی مەیدانی بەدواداچوون بۆ هێرشی سەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە دەکات، کامەران عوسمان دەڵێت: "جگە لە تۆپباران، تاوەکو ئەمڕۆش بەردەوام درۆنی تورکیا بە ئاسمانی گوندەکانی بناری قەندیل، خواکورک و خنێرەدا دەسووڕێنەوە".
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوە ئەمریکییەکە، سوپای تورکیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 500 بۆردوومانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان کردووە، زۆرینەیان لە سنووری پارێزگای دهۆک، دواتر هەولێر و سلێمانی بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ