کرێکارێک لە سلێمانی سەتڵێکی ئاسن بەسەریدا کەوتووە و قاچەکانی لەکارکەوتوون: بیمەی کارم نییە

15-06-2023
هۆرڤان رەفعەت
کارزان عومەر، کرێکاری بریندار
کارزان عومەر، کرێکاری بریندار
A+ A-
 
رووداو - سلێمانی

لە ماوەی شەش مانگدا 20 کرێکاری بیناسازی لە هەرێمی کوردستان لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە. کرێکارێک 14 ساڵ لەمەوبەر لە کارگەیەکدا لەکاتی کرێکاریدا سەتڵێکی ئاسن بەسەریدا کەوتووەتە خوارەوە و بەهۆیەوە بە سەختی بریندار بووە، بەو هۆیەوە هەردوو لاقی لەکارکەوتوون.
 
ئێستا بەهۆی بەردەوامیی کاریگەریی زەبرەکەوە، ساڵێکە نەیتوانیوە بچێتە دەرەوەی ماڵەکەی، بەڵام بەهۆی تۆمارنەکردنی لە دەستەبەری کار تائێستا هیچ قەرەبوویەک نەکراوەتەوە.
 
کارزان عومەر، کرێکاری بریندار بە رووداوی گوت، "حکومەت هیچی بۆ نەکردووم، چونکە بیمەی کۆمەڵایەتی و کرێکاریم نەبوو، ئەو کات نزیکەی 35 بۆ 45 هەزار دینار بوو، دەبوو بتگەڕاندایەتەوە بۆ حکومەت، بەڵام من نەمدا، تەسەورم نەدەکرد دۆخێکی لەو جۆرەم بەسەربێت."
 
زۆرن ئەوانەی وەکو کارزان قەرەبوو نەکراونەتەوە، تەنانەت ئەو کرێکارانەشی لەکاتی کاردا گیانیان لەدەستداوە، زۆرینەیان قەرەبوو نەکراونەتەوە و هیچیان بۆ نەکراوە.
 
تەنها شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان 20 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە. نوێترینیان گیانلەدەستدانی سێ کرێکار و برینداربوونی کرێکارێکی دیکە بوو لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە سلێمانی.
 
عوسمان زیندانی، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازیی سلێمانی بە رووداوی گوت، "چووینە شوێنی رووداوەکە، بەشی هەرە زۆری کرێکارەکان دەستکێش و کڵاو و کەلوپەلی خۆپارێزییان پێنەبوو، ئەمەش پێشێلکردنی زەقی یاسایە و پێشێلکردنی زەقی یاسای مافی مرۆڤە لە هەرێمی کوردستان."
 
چالاک رەئوف، سەرۆکی لقی سلێمانیی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "بەداخەوە تائێستا بەپێی ئەو یاسایانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، هیچ قەرەبووکردنەوەیەک شموولی کرێکارانی بیناسازی ناکات، چەندین جاریش هەوڵمان داوە کە حکومەت کرێکارانی بیناسازیش تۆمار بکات، بەڵام نەکراوە."
 
زۆرینەی ئەو کرێکارانەی بوونەتە قوربانی، کرێکارەکانی بیناسازین، سەندیکاکانی ئەوان دەڵێن، دەبێت بکرێت بە مەرج بەسەر خاوەنکارەکانەوە و هەموو پێویستییەکانی خۆپارێزی بۆ کرێکارەکان دابین بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک پێشمەرگە لە ناوچەکە.

فەرماندەیەکی پێشمەرگە لە نزیک خوورماتوو: جوڵەی داعش زیادیکردووە و چەکی پێشکەوتوویان هەیە

چەند چەکدارێک لە ناوچەکانی نێوان قەزای کفری لە ئیدارەی گەرمیان و قەزای خوورماتوو لە ناوچە دابڕاوەکان بیندراون. فەرماندەیەکی پێشمەرگە لە سنوورەکە دەڵێ: "چەکدارەکان داعش بوون و چەکی گەرمیبینی پێشکەوتوویان پێیە".