ناوەندێکی هونەر و کولتوور رووداو خەڵات دەکات

15-06-2025
بڵند تاهیر
بڵند تاهیر @Bilindtahir
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ناوەندی کوردستان بۆ هونەر و کولتوور خەڵاتی "پانۆرامای فۆتۆیی" پێشکێشی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات و دەڵێت: سوپاس بۆ پشتگیری، فێرکردن و هاوبەشیتان.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ی حوزەیرانی 2025، لە یەکەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا، ناوەندی کوردستان بۆ هونەر و کولتوور، خەڵاتێکی رێزلێنانی پێشکەشی تۆڕی میدیایی رووداو کرد. ئەم خەڵاتە وەک رێزگرتنێک بوو لە پشتگیریی بەردەوامی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ ناوەندەکە.
 
خەڵاتەکە بریتییە لە پانۆرامایەکی فۆتۆیی کە لە چوار وێنەی هونەریی دەگمەن پێکدێت و دیمەنی ژیانی کولتووریی ساڵانی حەفتا و هەشتاکانی کوردستان دەخاتەڕوو؛ لەلایەن وێنەگری ناوداری فەرەنسی، کریس کۆچێرا چرکێندراون، کە بەڵگەیەکی مێژوویی و هونەریی گرنگن.
 
لە پەیامێکدا کە ئاراستەی رووداوی کردووە، باراڤ بارز بارزانی، دامەزرێنەری ناوەندەکە دەڵێت، "سوپاسی پشتگیری و هاوبەشیی تۆڕی میدیایی رووداو دەکەین و داواکارین ناوەندەکەمان وەک ماڵی خۆتان ببینن، بۆ ئەوەی پێکەوە ببینە سەکۆیەک بۆ بنیاتنانی زانیاریی نیشتمانی".
 
دامەزرێنەری ناوەندەکە سوپاس و پێزانین ئاراستەی سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات، "بۆ ئەو متمانە و پشتگیرییەی کە پێیان بەخشیوە و هەمیشە هاندەریان بوون لە کارەکانیاندا دەربارەی ناوەندی کوردستان بۆ هونەر و کولتوور".
 
بەپێی خۆناساندنی رێکخراوەکە، ناوەندی کوردستان بۆ هونەر و کولتوور رێکخراوێکی ناحکومیی سەربەخۆیە کە کار بۆ پاراستن و زیندووکردنەوەی هونەر و کولتووری رەسەنی کوردی دەکات. دیدگای ناوەندەکە بریتییە لە بنیاتنانی پردێکی کولتووری بۆ گەڕان بەدوای دەربڕینە ناوازەکانی هونەر و مێژووی کورد و ناساندنی بە جیهان.
 
ئامانجی سەرەکیی ناوەندەکە ئەوەیە کە چالاکییەکانی لە سەرانسەری کوردستان فراوانتر بکات و جوانییەکانی پێکەوەژیان و فرەکولتووری لە مێژووی کوردستانەوە تاوەکو ئەمڕۆ، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی نمایش بکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە