رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، وەرگرتنی قوتابییان لە ناوەندەکانی خوێندنی حکومی بە کۆمەڵێک مەرج و رێنوێنی دەبێت، سەرەکیترینیان مەرجی "جوگرافیایە." ئاماژە بەوەش دەکات، "23ی تەممووز تۆمارکردنی قوتابییانی پۆلی 1ی بنەڕەتی دەستپێدەکات."
رۆژی سێشەممە 15ی تەممووزی 2025، وەزارەتی پەروەردە لە نووسراوێکدا گشتاندنی تایبەت بە رێکاری تۆمارکردن و وەرگرتنی قوتابییانی لە دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان، بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، بڵاوکردەوە.
تەمەنی وەرگرتن لە باخچەی منداڵان
لە نووسراوەکەدا هاتووە، وەرگرتنی منداڵان لە باخچەی منداڵانی حکومی بە پلەی یەکەم لەسەر بنەمای شوێنی جوگرافی دەبێت. ئەگەر دوای ئەوە جێگەی زیاد هەبوو، بەگوێرەی توانای باخچەکە وەرگرتن بە تیروپشک بۆ منداڵانی دیکە دەکرێت.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، ئەگەر ژمارەی منداڵان لەو جوگرافیایە لە توانای باخچەکە زیاتر بوو، وەرگرتن لەسەر بنەمای "تیروپشک" دەبێت.
وەزارەتی پەروەردە رێکارەکانی قوتابخانە و کۆمەڵگە پەروەردەییەکانی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، لە قۆناخی یەکەمی بنەڕەتی لەدایکبووی 01-01-2019 تاوەکو 31-12-2019 وەردەگیرێت، هەروەها قوتابییانی نوێ لە گشت قۆناخەکانی خوێندن لە قوتابخانە و کۆمەڵگە پەروەردەییە حکومییەکان، جگە لە سیستمی ئینگلیزی بەم شێوەیە وەردەگیرێن:
- وەرگرتنی قوتابییان بە پلەی یەک لەسەر بنەمای ناوچەی جوگرافی دەبێت، واتە پێویستە قوتابخانە پێش هەموو کەسێک قوتابیی نزیک ناوچەی خۆی وەربگرێ.ئەگەر دوای وەرگرتنی قوتابیانی ئەو جوگرافیایە هێشتا شوێنی خوێندن مابوو، ئەوا کورسییەکانی خوێندن بە "تیروپشک" دابەشدەکرێن و نابێت قوتابی لە قەبارەی قوتابخانە زیاتر وەربگیرێ، بەپێچەوانەوە بەڕێوەبەر بەرپرسە.
وەزارەتی پەروەردە باسی لەوە کرد، "ئەگەر بە هەر هۆکارێک قوتابخانە یان خوێندنگە دروست نەکرابوو یان تەواو نەکرابوو، ئەرکی بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزایە، قوتابی و خوێندکارانی نوێ لە گونجاوترین قوتابخانە و خوێندنگەی نوێ وەربگرێت."
مەرجەکان لە قوتابخانەی حکومی (سیستمی ئینگلیزی) چین؟
لە نووسراوەکەدا هاتووە، "وەرگرتنی قوتابییانی پۆلی یەکی بنەڕەتی لە قوتابخانەی حکومی (سیستمی ئینگلیزی) لەسەر بنەمای تیروپشک دەبێت کە هیچ مەرجێکی دیکەی تێدا داناندرێت، هەروەها لە پۆلەکانی دوو تاوەکو 12 لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندن بۆ زمانی ئینگلیزی دەبێت، بەڵام ئەگەر بەهۆی گواستنەوەی گشتییەوە بێت، ئەوکات لەسەر پێشنیازی لیژنەی هەڵسەنگاندن وەردەگیرێن".
هەروەها ئاماژە بەوەش دراوە، ئەو قوتابییانەی لە قوتابخانەی حکومی (سیستمی ئینگلیزی)ن، ئەگەر ویستیان گواستنەوە بکەن لەنێوان دوو قوتابخانە، "گواستنەوە دەکرێت، بەڵام بە مەرجێک لە قوتابخانە و خوێندنگەی نوێ جێگەی هەبێت."
ئەوانەی دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان لە دامەزراوە پەروەردەییەکانی حکومی سیستمی ئینگلیزی وەردەگیرێن، ئەگەر لە کاتی گەڕانەوەیان پۆلی یەکەمی بنەڕەتی بوون، ئەوا بە شێوەی تیروپشک وەردەگیرێن، ئەگەر لە پۆلەکانی دیکەش بوون، ئەوا پێویستە لە رێگەی لێژنەی هەڵسەنگاندنی زمانییەوە بێت."
کەی تۆمارکردنی قوتابیانی پۆلی یەکی بنەڕەتی دەستپێدەکات؟
وەزارەتی پەروەردە دەڵێ: "تۆمارکردنی قوتابییان لە پۆلی یەکی بنەڕەتی لە 23-07-2025ـەوە دەستپێدەکات تاوەکو 20-08-2025 بەردەوام دەبێت. تۆمارکردن رۆژانی یەکشەممە و چوارشەممە دەبێت، هەروەها قوتابییانی دەرچووی پۆلی 9ـی بنەڕەتیش لە هەمان کاتی پۆلی یەک، بۆ قۆناخی ئامادەیی و لە پۆلی 10ـی ئامادەیی زانستی، وێژەیی و پیشەیی لەسەر خواستی خۆیان بۆیان دەکرێت، ئەو قوتابییانەشی پاش تیروپشک ناوەکان دەرناچێت، مافیان هەیە لە قوتابخانەی گەڕەکی خۆیان وەربگیرێن و تۆمار بکرێن."
وەزارەتی پەروەردە باس لەوە دەکات: "ناوەندەکانی خوێندن رێگەپێدراو نین کە لەنێو ناوەندەکەی خۆیان پۆل جیابکەنەوە بۆ قوتابی نمرە باڵا."
پێویستە تاوەکو 2025-08-28 گشت هۆبەکانی پۆلەکان جیابکرێنەوە و ناوی گشت منداڵان و قوتابیان لە سیستەمی (E-parwarda) تۆمار کرابێت، دوای ئەو کاتە سیستمی (E-parwarda) رادەگیرێت و تاوەکو 2025-09-04ـیش دەبێت خشتەی وانەکان و بەشەوانەی مامۆستایان تەواو کرابێت و لە سیستمی (E-parwarda) تۆمار کرابێت، وەزارەتی پەروەردە وای گوت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ