ئاگری دارستانەکانی لجێ و هێنێی ئامەد بەردەوامە؛ داوای هاوکاری زیاتر دەکرێت

15-08-2025
هێمن عەساف
دیمەنێکی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری ئامەدی باکووری کوردستان
دیمەنێکی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری ئامەدی باکووری کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئاگر لە دارستانەکانی سنووری قەزاکانی لجێ و هێنێی سەر بە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان کەوتووەتەوە و بەهۆی باوە خێرا تەشەنە دەکات.
 
ئێوارەی رۆژی هەینی 15ی ئابی 2025 ئاگر لە دارستانەکانی سەر بە هەردوو قەزای لجێ و هێنی لە ئامەدی باکووری کوردستان کەوتەوە. هاونیشتمانییان، دەزگای ئافاد، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری دارستانەکان، بەرگریی شارستانی و فریاکەوتن لە هەوڵی کوژاندنەوەدان.
 
سەرهات ئەرەن، پەرلەمانتاری ئامەدی دەم پارتی، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "ئاگرەکە لە هێنێ دەستیپێکرد و گەیشتووەتە سنووری گوندەکانی لجێ. بەهۆی با و وشکبوونی گیاوە، ئاگرەکە بەخێرایی تەشەنە دەکات. هەوڵەکان لە رێگەی زەوییەوە بەس نین و گوندنشینان داوای هێلیکۆپتەر دەکەن."
 
بە گوتەی پەرلەمانتارەکە، پێیان راگەیێندراوە کە هێلیکۆپتەری ئاگرکوژێنەوە لە پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستان سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگری دیکەیە. 
 
ئەرەن داوا لە بەرپرسان دەکات بەپەلە پشتیوانیی ئاسمانی بنێرن بۆ ئەوەی رێگری لە گەیشتنی ئاگرەکە بە ناوچە نیشتەجێبووەکان بکرێت.
 
 
بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری دارستانەکانی تورکیاش بڵاویکردەوە، ئاگرێک لە سنووری گوندی پەچاری سەر بە قەزای لجێ کوژێندرایەوە، بەڵام ئاگرەکەی ناوچەی ئەنگولی لجێ بەردەوامە و لە شوێنی نیشتەجێبوون نزیک بووەتەوە.
 
هاوکات تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، جەندرمە و تەندروستی رەوانەی دوو گوندی سەر بە قەزای هێنێ کراون و بەهۆی نزیکیی ئاگرەکە لە ماڵەکانەوە، رێوشوێنی پێویست گیراوەتەبەر. 
 
شەوی 20ـی تەممووزی 2024 ئاگر لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی نێوان ئامەد و مێردین کەوتەوە و لە ئەنجامدا 15 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و 75 هاونیشتمانیی دیکەش بریندار بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دابەشکردنی نەوتی ماڵان. وێنە: بڵند تاهیر- ئەرشیفی رووداو

سامانە سرووشتییەکان: 601 هەزار خێزان نەوتیان پێدراوە

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 120 ملیۆن لیتر نەوتیان بەسەر خەڵکدا دابەشکردووە. بەرپرسێکی نەوت و کانزاکان دەڵێت، ئەوەی دابەشکراوە بۆ ناوچە شاخاوییەکان و دەوروبەری پارێزگاکان بووە و قۆناخی دواتر لە سەنتەری پارێزگاکان دابەش دەکرێت.