نێچیرڤان بارزانی: ئەزموونی هه‌رێمى کوردستان لەسەر رێگەی راستە

15-09-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
    
نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، هەڵبژاردن شەرعیەتیی دامەزراوە و دەسەڵاتەکان لە هەرێمی کوردستان نوێ دەکاتەوە و لەسەر هەموو ئاستەکاندا پێگەی هەرێمی کوردستان بەهێز و پتەوتر دەکات.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 15-9-2024، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ کادرانی لقی 8ـی پارتی لە زاخۆ کۆبووەوە. لە كۆبوونه‌وه‌كه‌دا فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی و بەشێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندیی پارتى ئامادە بوون.
 
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بارەی بایەخ و گرنگیی هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی کوردستان بۆ ئامادەبووان دوا، "هەڵبژاردن شەرعیەتیی دامەزراوە و دەسەڵاتەکان لە هەرێمی کوردستان نوێ دەکاتەوە و لەسەر هەموو ئاستەکاندا پێگەی هەرێم بەهێز و پتەوتر دەکات، هاوکات رۆڵێکی کاریگەری دەبێت لە قووڵکردنەوەی ئەزموون و کولتووری دیموکراسی".
 
نێچیرڤان بارزانی، جەختی لەوە کردەوە کە هەموو لایەک بە پەرۆشەوە کار بۆ سەرخستنی پرۆسەکە بکەن. 
 
جێگری سەرۆکی پارتی ئاماژەی بەوەکرد، "سەرەڕای کەموکوڕییەکان، بەڵام ئەزموونی کوردستان لەسەر رێگەی راستی دیموکراسییە. هه‌روه‌ها بۆ پتەوکردنی کۆڵەگەکانی ئەم ئەزموونە دیموکراسییەش ده‌بێ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن بە شێوەیەکی شارستانی و باڵا به‌ڕێوه‌ بچێت."
 
هەر ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی کرد و لەسەر پردی دەلال لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "هاتنی ئێمە زیاتر بۆ ئەوە بووە کە بزانین دۆخی ئێرە چۆنە، دەستخۆشی لە هەموو کارێکی باش دەکەم چی ئەوەی لە دهۆک کراوە و چی لە زاخۆ".
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانی سەردانەکەیدا، چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ پارێزگار و کارگێڕیی دهۆک، بەرپرسانی حکومیی زاخۆ و بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنوورەکە ئەنجام دا، هەروەها کاتی پێشکێشکردنی شانۆگەریی 'داستانی کوردستان' لە هۆڵی کۆنفرانسی زانکۆی دهۆک ئامادە بوو.

 

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2024، مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای نەینەوای پارتی بڵاویکردەوەکە، "ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بەرپرس و ئەندامانی رێکخستنی پارتی لە نەینەوا، بەرپرسانی لق و ناوچەی 14ـی موسڵ، 17ـی شنگال، زوممار و رۆژئاوای دیجلە و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا لەسەر پشکی پارتی و جێگری یەکەم و یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا کرد."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هەریەکە لە، "فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی؛ هۆشیار زێباری و مەحمود محەممەد، ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی؛ ئامینە زکری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ژمارەیەکی دیکە لە ئەندامانی لیژنەی ناوەندیی پارتیی لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون."
 
لە کۆبوونەوەک نەوزاد هادی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی شرۆڤەی دۆخی هەنووکەیی پارێزگای نەینەوای بۆ ئامادەبووان کردووە.
 
مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای نەینەوای پارتی ئاماژەی بەوەش داوە، "نێچیرڤان بارزانی، باسی لە ئامانج و خواستەکانی پارتی لە، "پارێزگاری کردن لە مافی سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەکانی پارێزگای نەینەوای کرد و داوای کرد بە زمانی گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی شارەکە بەکاربهێندرێت و هەوڵ بۆ پاراستنی سەقامگیریی پارێزگاکە بدرێت."
 
هەروەها پشتگیری خۆی بۆ "سەروەری یاسا و بەردەوام بوونی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان" دووپات کردەوە و داوایشی کرد، کار بکرێت بۆ "پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی پارێزگاکە."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.