رووداو دیجیتاڵ
لە کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر لە هەولێر، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هۆشداری دا لەبارەی مەترسییەکانی مادەی هۆشبەر لە کوردستان و گوتی، "لە رێگەی مادەی هۆشبەرەوە هەوڵی لاوازکردنی هەرێمی کوردستان دەدرێت."
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، هەرێمی کوردستان بەشێوازی جۆراوجۆر دژایەتی دەکرێت و هەوڵی لاوازکردنی دەدرێت، یەکێک لە شێوازە مەترسیدارەکانیش، مادە هۆشبەرەکانە کە یەکێکە لەو چەکانەی بە شارەزایی و بە ئاشکرا بۆ تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگەکەمان و لەباربردنی توانا و تەندروستیی گەنجەکانمان بەکار دەهێنرێت."
بەگوێرەی ئاماری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەم ساڵ 617 بەکارهێنەر و 480 بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون، دوو هەزار و 166 کەس بە تۆمەتی بازرگانی و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر لە دەزگا ئەمنییەکان راگیراون، لەوانە 807 بازرگان و هەزار و 359 بەکارهێنەرن. کۆی گشتی سزادراوان و راگیراوان بەهۆی ماددەی هۆشبەرەوە لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە سێ هەزار و 301 کەس.
عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق لەبارەی پرسی مەترسییەکانی مادەی هۆشبەر لە عێراق گوتی، "رێژەیەکی زۆری مادەی هۆشبەر لە دەرەوەی سنوورەکانەوە دەهێنرێت، بۆیە کارمان لەسەر پلانێک کرد بۆ چارەسەکردنی، لەوانە دابینکردنی ئامێری تایبەت بە ئاشکراکردنی مادەی هۆشبەر لە دەروازە سنوورییەکان، ئامێری پشکنینی ئالوودەبووان و دیاریکردنی جۆری مادە هۆشبەرەکە؛ هاوئاهەنگی کردن لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی بۆ دروستکردنی سەنتەری چارەسەرکردنی بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر."
دیارترین ئەو جۆرانەی مادەی هۆشبەر کە لە عێراق بڵاوبوونەتەوە بریتین لە (کریستاڵ، حەشیش و حەبی کاپتاگۆن) کە کریستاڵ زیاتر لە ئێرانەوە دەهێنرێت، حەشیش سەرچاوەکەی ئێران و ئەفغانستانە. کاپتاگۆنیش سەرچاوەکەی لوبنان و سووریایە.
مارک سترۆو، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر، لەسەر پرسی مادەی هۆشبەر لە ناوچەکە، ئاماژەی بەوەکرد، "وێڕای ئەوەی کە کاپتاگۆن لە ئەمریکا بەرهەم ناهێنرێت و بە بەرفراوانی بەردەست نییە، ئێمە نیگەرانین لە کاریگەریی کاپتاگۆن و ماددە زیانبەخشەکانی دیکە لەسەر تەندروستی، ئابووری و دۆخی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەکانی سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بە تایبەتی لە عێراق، هەرێـمی کوردستانی عێراق، ئوردن، لوبنان و وڵاتانی کەنداو."
بەپێی نوێترین ئامار، ئێستا لە عێراق 11 هەزار کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر لە زیندانەکانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ