رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە 9 خاڵ کارنامەی خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق راگەیاند،لە کارنامەکەدا باس لە دۆخی سیاسی، سیاسەتی دەرەوە، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا، ئابووری، گەنجان و ژنان و مافی شەهیدان کراوە.
یەکێتی لە کارنامەکەدا جەختی لەوە کردووەتەوە، لە رێگەی هەردوو فراکسیۆنەکەیانەوە کار دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، "بەپێی رێکارە یاسایی و دەستوورییەکان و بەکارنەهێنانی پرسی مووچە وەکو کارتی گوشار لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، چونکە زیانمەند فەرمانبەر و خانەنشینی کوردستان دەبێت."، دەشڵێت "پێویستە رێککەوتنی نووسراو هەبێت ،بۆ ئەوەی دووبارەنەبوونەوەی ئەم کێشەیە لە داهاتوودا مسۆگەر بکات."
یەکێتیی نیشتمانی ئاماژە بەوە دەکات، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی داهاتوو کار دەکەن، لەپێناو کۆکردنەوەی چەک تەنیا بە دەستی دەوڵەتی عێراق و کۆتاییهێنان بە رۆڵی گرووپە چەکدارەکان، بۆ ئەوەی سوپای عێراق و دامەزراوە نیشتمانییەکانی بتوانن رۆڵی دیاریکراوی خۆیان لە پاراستن و پارێزگاریکردن لە ئاسایشی عێراق و سنوورەکانی ببینن.
هاوبەشی نێوان پێکهاتەکان 'جەوهەری بێت'
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کارنامەکەیدا دەڵێت:' "دووپاتی دەکەینەوە کە عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵی، دیموکراسی و فرەییە، ناکرێت هاوبەشیی نێوان پێکهاتەکانی شێوەیی(شکلی) بێت، بەڵکو دەبێت جەوهەری و لەسەر بنەمای رێزگرتنی دوولایەنە لە مافە دەستوورییەکان بێت."
دەشڵێت، "کار دەکەین بۆ بەهێزکردنی هاوسەنگی لە ئیدارەدانی دەوڵەت بە شێوەیەک نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانەی هەموو پێکهاتەکان لە دامەزراوەکانیدا مسۆگەر بکات، هەروەها کار بۆ چەسپاندنی یەکێتیی نیشتمانی لە عێراقدا دەکات لە رێگەی پابەندبوونی تەواوەتی بە سیستمی فیدراڵی کە دەستووری عێراق پەسەندی کردووە،هەروەها سوورە لەسەر بنەماکانی دیموکراسی و فرەیی سیاسی. جەخت لە پابەندبوونی تەواو بە بڕگەکانی ئەو دەستوورە دەکاتەوە رەزامەندیی گەلی بەدەستهێناوە و زامنی چەسپاندنی حوکمڕانیی دیموکراسی و فرەییە لە عێراقدا."
یەکێتیی ئاماژەی بەوە کردووە، "پشتگیری لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری دەکەین وەکو بنەمای پاراستنی دەستوور، مسۆگەرکردنی ماف و ئازادییەکان، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیی کارگێڕی و دارایی لە رێگەی یاسادانان و رێکاری کردارییەوە کە شەفافیەت و لێپرسینەوە مسۆگەر بکات، هەروەها بەهێزکردنی رۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەران لە چاودێری و یاساداناندا بۆ ئەوەی ببێتە گوزارشتێکی راستەقینە لە ئیرادەی گەل، لەگەڵ مسۆگەرکردنی ئازادییە گشتییەکان کە گرنگترینیان ئازادیی راگەیاندن و مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە تاکەکەسییەکانی نێو دەستوورن."
سیاسەتی دەرەوە لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەریی عێراق
لە کارنامەی یەکێتیدا لەبارەی سیاسەتی دەرەوەدا هاتووە:"کار بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی دەرەوەی هاوسەنگ دەکەن، لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەریی عێراق و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی دامەزرابێت."
ئەو حیزبە دەشڵێت:" "هەوڵی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەدەن، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە ئابووری، سیاسی و ئەمنییەکانی بکات."
مسۆگەرکردنی پشکی دادپەروەرانە بۆ هەرێمی کوردستان
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، یەکێتی دەڵێت، هەوڵی چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور دەدەن، "بە شێوەیەک کە دادپەروەری لە دابەشکردنی سامانە نیشتمانییەکاندا بەدیبهێنێت."
راشیگەیاندووە:"پشکێکی دادپەروەرانە بۆ هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵیدا مسۆگەر دەکەن، بە جۆرێک کە پێداویستییەکانی هاووڵاتییان دابین بکات و سەقامگیریی ئابووری بپارێزێت، هەروەها دانانی چارەسەری ریشەیی بۆ بابەتی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان و رێگەنەدان بە دووبارەبوونەوەی ئەوەی لە رابردوودا روویدا سەبارەت بە چۆنیەتیی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان."
یەکێتی سەبارەت بە ناوچە جێناکۆکەکان دەڵێت، "هەوڵی تەواو بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ناوچە کێشە لەسەرەکان بە شێوەیەکی فەرمی و دەستووری بەپێی میکانیزمە دەستوورییەکانی نێو ماددەی (140)ی دەستوور دەدەن، لەگەڵ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکی و کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێم لە رێگەی دیالۆگێکی نیشتمانیی بنیادنەرەوە کە ماف بۆ خاوەنەکەی بگەڕێنێتەوە."
کۆکردنەوەی چەک بەدەستی دەوڵەتی فیدراڵی
یەکێتی دڵنیایی دەدات لەوەی، "لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی داهاتوو کار دەکەن لەپێناو کۆکردنەوەی چەک تەنیا بە دەستی دەوڵەتی عێراق و کۆتاییهێنان بە رۆڵی گرووپە چەکدارەکان، بۆ ئەوەی سوپای عێراق و دامەزراوە نیشتمانییەکانی بتوانن رۆڵی دیاریکراوی خۆیان لە پاراستن و پارێزگاریکردن لە ئاسایشی عێراق و سنوورەکانی ببینن."
مسۆگەرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی
یەکێتیی نیشتمانی ئاماژە بەوە دەکات کە کار دەکەن "بۆ مسۆگەرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی بەپێی پێوەرەکانی دادپەروەری، لەگەڵ خەرجکردنی شایستەکانی کوردستان لە پلانەکانی وەبەرهێنان و پڕۆژەکانی گەشەپێدانی بەردەوام."
یەکێتیی نیشتمانی دڵنیایی دەدات کە لە رێگەی هەردوو فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمان و حکومەتی فیدراڵییەوە کار دەکات، "بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەپێی رێکارە یاسایی و دەستوورییەکان و بەکارنەهێنانی پرسی مووچە وەکو کارتی گوشار لەسەر حکومەتی هەرێم، چونکە تەنیا زیانمەند فەرمانبەر و خانەنشینی کوردستان دەبێت."
دەشڵێت، "پێویستە رێککەوتنی نووسراو هەبێت کە دووبارەنەبوونەوەی ئەم کێشەیە لە داهاتوودا مسۆگەر بکات، تاوەکو فەرمانبەرانی کوردستان بتوانن سەرچاوەی بژێوییان وەکو هاووڵاتییانی دیکەی عێراق لە پارێزگاکانی دیکە بەبێ دواکەوتن و کات بەفیڕۆدان بەدەستبهێنن."
ئاماژە بەوەش دەکات، "لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکەی پەرلەمان کار دەکەین بۆ مسۆگەرکردنی دەرکردنی یاسای نەوت و گاز، کە بە یەکێک لە گرنگترین ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، بەشێوەیەک کە لەگەڵ دەقەکانی دەستووردا بگونجێت، کە مافی بەکارهێنانی سەرچاوە نەوتییەکانی بە پارێزگا بەرهەمهێنەرەکان داوە بۆ پاڵپشتیکردنی بودجەکانیان و بەڕێوەبردنی کارەکانیان بە سوودوەرگرتن لەو سەرچاوانە."
راگرتنی تاڵانکردن و قاچاخچێتیی سنوورەکان
بەگوێرەی کارنامەکەیان، یەکێتیی کار دەکات بۆ: "چڕکردنەوەی چاودێریی پەرلەمانی لەپێناو راگرتنی پرۆسەکانی تاڵانکردن و قاچاخچێتیی سنوورەکان، بەتایبەتی قاچاخچێتیی نەوت، ئەوەش بۆ مسۆگەرکردنی گەڕانەوەی سەرجەم داهاتە نەوتییەکان بۆ خەزێنەی دەوڵەت و تەرخانکردنی بۆ خزمەتی پڕۆژەکانی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە."
مسۆگەرکردنی پشکی دەرمان، سووتەمەنی و خوێندن
یەکێتیی نیشتمانی دەڵێت، کار دەکەن بۆ هاندانی حکومەتی فیدراڵی بۆ "مسۆگەرکردنی پشکێکی دادپەروەرانە لە دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بۆ دامەزراوە تەندروستییە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها مسۆگەرکردنی پشکی پارێزگاکانی هەرێم لە سووتەمەنی وەکو پارێزگاکانی دیکەی عێراق."
هەروەها دەشڵێت، کار بۆ مسۆگەرکردنی پشکێکی دادپەروەرانە لە زەمالەی خوێندن لە کۆلێژ و زانکۆکانی دەرەوەی عێراق دەکەن.
دابینکردنی هەلی کار بۆ گەنجان
لە کارنامەکەی یەکێتییدا هاتووە، "کار دەکەن بۆ هاندانی حکومەتی عێراق بۆ دابینکردنی هەلی کار لە کەرتی گشتیدا بۆ دەرچووانی زانکۆکان بە پسپۆڕییە جیاوازەکانەوە، هاوکات هاوئاهەنگی تەواو لەگەڵ کەرتی تایبەت بۆ دابینکردنی هەلی کار بۆ گەنجانی بێکار، هەروەها پشتگیریکردنی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ کردنەوەی خولی راهێنان بۆ خاوەن توانا و لێهاتووەکان لە بوارە جیاجیاکاندا."
"دابینکردنی هاوکاریی پێویست بۆ رێکخراوەکانی گەنجان بۆ برەودان بە کارەکانیان و کاراکردنی رۆڵیان لە بەشداریکردن لە بنیادنانی وڵاتدا، لەگەڵ هەموارکردنەوە و دەرکردنی یاسای زیاتر کە بەشداربن لە پێشخستنی دۆخی ئافرەتان و پاراستنی مافە یاساییەکانیان، لەگەڵ پێویستیی پێدانی رۆڵی گەورەتر پێیان لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا و بەشدارپێکردنیان لە ناوەندەکانی بڕیاری سیاسییدا."
ئەوەش هاتووە، "دڵنیابوونەوە لە تەرخانکردنی دەرامەتی پێویست لەلایەن دەوڵەتەوە بۆ ئەو خێزانانەی کە سەرپەرشتیاری خۆیان لەدەستداوە یان لەدەستیدەدەن، هەروەها بایەخدان بە چاودێریکردنی منداڵەکانیان و دابینکردنی پێداویستییەکانیان."
یەکێتی بەڵێنی ئەوە دەدات، کار دەکەن بۆ پێشکەشکردنی پشتگیریی تەواو بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و دابینکردنی هەلی کار بۆیان بەپێی تواناکانیان، هەروەها یەکسانکردنیان لە مافەکاندا لەگەڵ هاوشێوەکانیان لە پارێزگاکانی دیکە."، هەروەها، "پشتگیریکردنی توانا ئەدەبی و هونەرییەکان و رەخساندنی دەرفەتی تەواو بۆ خاوەن ئەو توانایانە بۆ پێشکەشکردنی بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییە جۆراوجۆرەکانیان."
قەرەبووکردنەوەی شەهیدانی هەرێمی کوردستان
یەکێتی لە کارنامەکەیدا دەڵێت، "شەهیدانی کوردستان بەشێکن لە شەهیدانی عێراق کە ژیانی خۆیان لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی دیکتاتۆرییەتدا بەختکردووە، قوربانییانی ئەنفالیش هێمای تێکۆشانی کوردستانن دژی رژێمی لەناوچوو، بۆیە ئەرکی حکومەتی فیدراڵییە کە رێز لە خانەوادەی ئەو شەهیدانە بگرێت و قەرەبوویان بکاتەوە و چاودێرییان بکات، هاوشێوەی شەهیدانی دیکەی عێراق."
دەشڵێت "هاندانی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی فیدراڵیدا بۆ بەردەوامبوون لە گەڕان بەدوای گۆڕە بەکۆمەڵەکانی قوربانیانی کورد و گەڕاندنەوەی رووفاتەکانیان بۆ کەسوکاریان."
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، "پێمانوایە داهاتووی عێراق پێویستی بە دەوڵەتی هاووڵاتیبوون، دادپەروەری و یەکسانی هەیە، کە لەسەر بنەمای هاوبەشییەکی راستەقینە لەنێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان و ئابوورییەکی هاوسەنگ و دامەزراوەی بەهێز دامەزرابێت کە بتوانن خواستەکانی عێراقییەکان جێبەجێ بکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ