رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلیکی بەفر و باران بەشێکی پارێزگاکانی باکووری کوردستانی گرتووەتەوە و هۆشداریش دراوە لەوەی سبەی یەکشەممە بەفر و باران لە چەند پارێزگایەک دەبارن.
لە بەرزاییەکانی جۆلەمێرگ 10 سانتیمەتر بەفر باریوە
لە ئێوارەی دوێنێ هەینی 14-11-2025ــەوە، باران لە ناوەندی پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان باری و تاوەکو ئەمڕۆ بەیانی بەردەوام بوو.
بەفر لە بەشێک لە بەرزاییەکانی پارێزگاکە، بەتایبەتیش لە ناوچەی دوڕانکایا باری و سپیپۆش بوو.
لە ئامەد باران باری
لە دوێنێ ئێوارەوە، شەپۆلێکی باران ئامەدی باکووری کوردستانی گرتەوە و ئەمڕۆ بەیانیش دیسان بارانی بەخوڕ لەو پارێزگایەدا باری.
لە زۆربەی کاتەکانی رۆژدا باران لە شوێنە جیاوازەکانی ئامەد بارانبارین بەردەوام بووە. پلەی گەرما لەکاتی ئێوارەدا 12ی سیلیزییە و باران بە شێوەی پچڕ پچڕ هەر بەردەوامە.
بەرزاییەکانی قەرس سپیپۆش بوون
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە بەفر لە بەرزاییەکانی ناوچەی قامیشانی سەر بە پارێزگای قەرس باری.
ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر شەپۆلێکی باران بارین ناوچەکەی گرتبووەوە.
لەو ناوچانەی 2 هەزار و 300 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزترن، زیاتر لە 5 سانتیمەتر بەفر کەوتووە.
لە ئەرزەڕۆم بەفر و باران بارین
ئەرزەڕۆم لەسەر ئاستی باکووری کوردستان و تورکیاش زیاتر بە بەفر ناسراوە، دوای ئەوەی لە دوێنێوە باران لە زۆربەی ناوچەکان و بەتایبەتیش لە بەشی باشووری باری، لە درەنگی شەوەوە بەفر لە بەرزاییەکانی ئەو پارێزگایەی باکووری کوردستان کەوت.
بەرزاییەکانی پاڵاندۆکەن زیاتر لە 10 سانتیمەتر بەفریان لێ کەوتووە. ئەمڕۆ چاوەڕوانیی بۆ بارینی بەفر و بارانی زیاتر هەیە و پلەی گەرما لە نێوان 3-6ی سیلیزییە.
لە ئەردەخان بەفر باری
لە دوێنێوە شەپۆلێکی باران ناوەندی پارێزگای ئەردەخانی گرتەوە. بارانەکە تاوەکو ئێوارە بە شێوەی پچڕ پچڕ بەردەوام بوو و دواتریش لە بەرزاییەکانی ناوچەی پۆسۆر بەفر کەوت.
ئەگەرچی 5 سانتیمەتر بەفر کەوتووە، بەڵام پلەی گەرما بۆ 4ی سیلیزی دابەزیوە و ساردییەکی لەناکاو بەسەر ناوچەکەدا زاڵە.
لە دێرسیم بەفر و باران باری
لە بەرزاییەکانی پارێزگای دێرسیمی باکووری کوردستان دا بەفر باری و بەشێک لەو بەرزاییانە سپیپۆش بوون.
ئەو بەفرە ناوچەکانی پولمور، نازمیە، ئۆڤاجک و هۆزاتی گرتەوە.
هەروەها لە ئێوارەی دوێنێ هەینییەوە لە شارۆچکەی پولموری دێرسیم تاوەکو ئێستا بارانبارین بەردەوامە.
پلەی گەرما لەو پارێزگایەی باکووری کوردستان دا لە نێوان 6-8 پلەی سیلیزییە.
هۆشداریی بارانی بەخوڕ لە باکووری کوردستان دەدرێت
پێشبینی دەکرێت ئەمشەو و سبەی بەیانی، لە چەند پارێزگایەکی باکووری کوردستاندا، بارانی بەخوڕ ببارێت و لە بەرزاییەکانیشدا بەفر بکەوێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی، ئەمشەو لە پارێزگاکانی سەمسوور، رووها بەفر و باران دەبارن.
هەروەها پێشبینی دەکرێ بەیانی یەکشەممە لە ئامەد، ئێلیهـ، سێرت و مێردین دا بارانی بەخوڕ ببارێت.
لە هەندێک شوێنیشدا پێشبینیی رەشەبا و بروسکە دەکرێت. چاوەڕێ دەکرێ لە بەرزاییەکانی سەرووی 1700 بۆ 1800 مەتر، بەفر و بارانی بەخوڕ ببارێت.
ئێوارەی سبەی لە مەلەتی، شەو لە خارپێت و بە گشتیش لە ئەرزینجان، چەولیگ، مووش، بەدلیس و باشووری ئەرزرۆم دا بارانی بەخوڕ پێشبینی دەکرێت. لە بەرزاییەکانی سەرووی 1600 مەتر، بەفر و بارانی بەخوڕ دەبارن.
لە باشووری وان و شرنەخ و هەکاری، سبەی پێش نیوەڕۆ، بارانی بەخوڕ دەبارێت و لە ناوچەکانی سەرووی 1700 بۆ 1800 مەتر، بەفر دەکەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ