بەهۆی هێرشکردنە سەر ماڵی پێشمەرگەیەک، نووسینگەی تەقەدووم لە دووبز داخرا

15-11-2025
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی هێرشی بەربژێرێکی دەرچووی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بۆ سەر ماڵی پێشمەرگەیەک کە بە رەچەڵەک عەرەبە، نووسینگەی تەقەدووم لە شاری دووبزی سنووری کەرکووک داخرا و چوار پاسەوانی تەقەکەرەکەش خۆیان رادەستی هێزە ئەمنیەکان کردووە.
 
ئەمڕۆ شەممە، بەربژێرێکی دەرچووی تەقەدووم، بەناوی موهەیمەن حەمدانی، هێرشی کردە سەر ماڵی پێشمەرگەیەکی زێرەڤانی لە قەزای دووبزی سەر بە کەرکووک، دەستڕێژی گوللـەی لە خانوو و ئۆتۆمبێلەکەی کرد و ئەندامانی خێزانەکەی ئازار دان. 
 
بەپێی زانیارییەکانی هیوا حسامەدین، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک کە چووەتە شوێنی رووداوەکە، دوای رووداوەکە هێزێکی سوپای عێراق چووەتە دووبز و نووسینگەی تەقەدوومیان داخستووە کە شوێنی کۆبوونەوە و دیدارەکانی موهەیمەن حەمدانیش بووە.
 
دوو ئەندامی ماڵباتی پێشمەرگەکە (دایکی و هاوژینەکەی) لەگەڵ ئەفسەرێک بە پلەی نەقیب و جێگری ئەفسەرێک سکاڵایان لەسەر حەمدانی تۆمارکردووە.
 
هیوا حسامەدین گوتی، هۆزی ئەفسەرەکە بەڕێگەوەن بەرەو دووبز، بۆ ئەوەی تۆڵە بکەنەوە و دەڵێن: "لە موهەیمەن خۆشنابین."
 
 ئەحمەد خەلەف، پێشمەرگەیەکی عەرەبە لەنێو ریزەکانی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی. لە کاتی هێرشەکە لە ماڵ نەبووە. ئەحمەد بە رووداوی گوت، "هیچ کێشەیەک لە نێوانماندا نییە. هەمووی لەبەر ئەوەیە کە من پێشمەرگەی زێرەڤانیم."
 
ئەحمەد بە هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداوی گوت، موهەیمەن حەمدانی، بەربژێری دەرچووی تەقەدووم سەرەتا لە فەیسبووک هەڕەشەی لێکردووە و پێی گوتووە، "بۆچی دەنگتان بە من نەداوە؟ تۆ بەکرێگیراوی کوردەکانی." دواتر بەربژێرە دەرچووەکە بە خۆی و پاسەوانەکانی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی، دەستڕێژی گوللـەی لە ماڵ و ئۆتۆمبێلەکەی کردووە، پاشان لە دایک و خوشکەکانی داوە و موبایلەکانیانیشی بردوون."
 
لەو دیمەنانەدا کە کامێرای رووداو تۆماریکردوون، شوێنەواری زیاتر لە 100 گوللـە بە دیواری نهۆمی سەرەوەی ماڵ و ئۆتۆمبێلەکەی ئەحمەدەوە دیارە. ئۆتۆمبێلەکە لە حەوشەی ماڵەکەدا راگیراوە و بەهۆی دەستڕێژەکەوە، جامەکانی شکاون و زیانی بەرکەوتووە. 
 
ئەحمەد دەڵێت، ئەفسەرێکی سەربازیی بەهانایانەوە چووە و لە موهەیمەن حەمدانیی پرسیوە، "بۆچی وا دەکەن؟" بەڵام ئەو کەسە لە ئەفسەرەکەشی داوە. 
 
رووداو هەوڵیدا لە رێگەی تەلەفۆنەوە قسە لەگەڵ موهەیمەن حەمدانی بکات، بەڵام تەلەفۆنەکەی داخرابوو. 
 
دوای رووداوەکە، بەربژێرەکەی تەقەدووم بە هێزێکی چەکدارەوە، چووەتە نێو بارەگای پارتی تەقەدووم. پاش ماوەیەک لە گەمارۆدانی لە لایەن هێزێکی سوپای عێراقییەوە، خۆی رادەست کرد. 
 
پێشمەرگەکە ئاماژە بەوە دەکات، دایکی لە بنکەی پۆلیسی دووبز سکاڵای لەسەر نوێنەری پارتەکەی محەممەد حەلبووسی تۆمار کردووە و هێزە ئەمنییەکان بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی یاسایی، سەردانی ماڵەکەیان کردووە، پاشماوەی گوللـە و بەڵگەکانیان کۆکردووەتەوە. 
 
دایکی ئەحمەد قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، بەربژێرەکە ویستوویەتی یەکێک لە کوڕەکانی بخاتە سندووقی ئۆتۆمبێلەوە و بیڕفێنێت، بەڵام خۆی و هاوژینی کوڕەکەی، نەیانهێشتووە. 
 
ئەو دەڵێت: "7 بۆ 8 ئۆتۆمبێلی جام رەش هاتن و لێرە وەستان. موهەیمەن دابەزی و دەستی لە ماڵەکەمان کردەوە و گوللـەبارانی کرد. لێی پاڕامەوە، گوتم بۆ خاتری خوا، تۆ شێخی، گوتی من نەوفەلم دەوێت. نەوفەلی دەست نەکەوت، موئەیەدی پەلکێش کرد. دواتر لە منی دا و تا ئەو شوێنە رایکێشام. کە بینیم دەیانەوێت کوڕەکەم بخەنە ئۆتۆمبێلەوە، هەستامەوە و بەدوایدا رامکرد."
 
دەشڵێت: "بەدوایدا رامکرد و موئەیەدم گرت. بەڵام پاسەوانەکانی لە منیان دا. موهەیمەنیش هەر لە منی دەدا. دواتر لە موئەیەدی دا و دەمانچەی خستە سەر سەری بۆ ئەوەی بیکوژێت. دەمانچەکەم خستە سەر سنگی خۆم. موئەیدیان خستە نێو ئۆتۆمبێل. هاوژینی موئەید بەهانایەوە رۆیشت، بەڵام پاڵیان بەویشەوە نا. پاشان جوێنی بە کچەکەم دا."
 
موئەید بە رووداوی گوت: "خەڵکی ناوچەکە و هاوژینەکەم و دایکم منیان دەرهێنا. دەیانویست بمخەنە سندووقی ئۆتۆمبێلەکەوە، بەڵام ئەوان منیان راکێشایە دەرەوە. نەقیب محەممەد گوتی، بوەستن با لێکتێبگەین، بەڵام [موهەیمەن حەمدانی] بە نەقیب محەممەدی گوت، لێرە من دەوڵەتم. من لەسەرووی هەموو کەسێکەوەم. دواتر لە نەقیب محەممەد راشدی دا، کە نەقیبی سوپایە. لە نەقیبی دا. ئێستاش ئێمە سکاڵامان تۆمارکردووە و داوا لە دەوڵەت دەکەین مافمان وەربگرێتەوە."
 
ئەحمەد دەڵێت، دوای هێرشەکە، کەس تەلەفۆنی بۆ نەکردوون. هەروەها باس لەوە دەکات کە پاسەوانەکانی موهەیمەن حەمدانی لە نزیک گەڕەکەکەیان دەسووڕێنەوە. 
 
ئەحمەد دەڵێت: "کەس نییە بمانپارێزێت. دەوڵەت نییە. ئەحمەد حەمدانی دەڵێت، لە دووبز و کەرکووک من بەخۆم دەوڵەتم."
 
دەشپرسێت: "ئەگەر پەرلەمانتارێک بێت و ئەم کارە بکات، ئایا دەوڵەت هەیە؟ نەخێر، نییە. هەژاران جگە لە خوا، کەسیان نییە." 
 
موهەیمەن حەمدانی لەم خولەی هەڵبژاردندا بە بەدەستهێنانی 16 هەزار دەنگ، دەرچوو.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووکاری فۆرمی ئەلیکترۆنی خۆراک.

فۆرمی خۆراک کاراکرایەوە؛ 'بۆ تۆمارکردنی هەر ناوێک دەبێت شەش هەزار بدرێت'

فۆرمی ئەلیکترۆنی خۆراک بۆ ئەو کەسانەی بەهەر هۆکارێک ناویان تۆمارنەکردووە و بەشەخۆراکیان بڕدراوە، کارا کرایەوە. بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراک لە سلێمانی دەڵێ، هەر زیادکردنێکی ناو شەش هەزار دیناری پێویستە.