رووداو - هەولێر
ئەمڕۆ (یەکشەممە 15-12-2019) پێنج ساڵ بەسەر دەستگیرکردنی فەرهاد حەمۆ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە رۆژئاوای کوردستان تێدەپەڕێت و تاوەکو ئێستا چارەنووسی نادیارە.
فەرهاد حەمۆ كاژێر 11ی رۆژی (سێشەممە 15-12-2014) لەکاتی ئامادەکردنی راپۆرتێک لە رێگەی سەرەكی نێوان قامشلۆ - تل كۆچەر لەگەڵ کامێرامانەکەی مەسعود عەقیل لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی ئیسلامی دەستگیركران. مەسعود عەقیل رۆژی 21ی ئەیلوولی 2015 ئازادكرا، بەڵام فەرهاد حەمۆ تائێستا بێسەروشوێنە.
فەرهاد حەمۆ و مەسعود عەقیل لەكاتێكدا بە رێگەوەبوون بۆ ئامادەكردنی ڤیتییەك لە تل كۆچەر لە رۆژئاوای كوردستان، بەپێی زانیارییەکان لە چوارڕییانی حەسۆ رەتلە، لە باشووری ناحیەی چل ئاغا لە رێگەی دوەلی نێوان تل كۆچەر و قامشلۆ ، لەلایەن هێزەكانی دەوڵەتی ئیسلامییەوە دەستگیركراون.
لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا تاوەکو ئێستا، هیچ زانیارییەکی نوێ لەبارەی چارەنووسی فەرهاد حەمۆ نییە و باسنەکراوە.
ژیننامهی فەرهاد حەمۆ
فەرهاد حەمۆ، لە 1ی ئایاری 2013 دەستی بەكاركرد لە تۆڕی میدیایی رووداو. بەشداری خولێكی رووداوی كردووە فێركردنی كاری رۆژنامەڤانی و پەیامنێری كردووە لە شاری هەولێر و لەلایەن راهێنەرانی ئەوروپاییەوە راهێنانی پێكراوە.
بەهۆی قەدەخەكردنی كاركردنی تۆڕی میدیایی رووداو لە رۆژئاوای كوردستان بە بڕیاری ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان، بە سەختییەكی زۆر ڤیتی لەسەر كێشەكانی خەڵك و هێرشەكانی داعش دەكرد بۆ سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان و سووریا.
فەرهاد حەمۆ لەگەڵ مەسعود عەقیلی وێنەگریدا لە رۆژی 15ی كانوونی دووەمی 2014 لەسەر رێگەی سەرەكی نێوان قامشلۆ – تل كۆچەر دەستگیركران. مەسعود عەقیل رۆژی 21ی ئەیلوولی 2015 ئازادكرا، بەڵام فەرهاد حەمۆ تائێستا بێسەروشوێنە.
فەرهاد حەمۆ، لە 10ی ئەیلوولی 1989 لەدایكبووە، ماوەیەك پێش دەستگیركردنەكەی ژیانی هاوژینی پێكهێنابوو.
فەرهاد حەمۆ پێش كاركردنی لە رووداو، لەگەڵ چەند دەزگایەكی ناوخۆیی رۆژئاوای كوردستاندا كاری كردبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ