ساڵانە قامیشەڵانی دەوروبەری دەریاچەی زرێبار دەسووتێنرێت؛ 'مەترسییە لەسەر دەریاچەکە'

15-12-2023
سووتاندنی قامیشەڵانەکانی زرێبار لە رۆژهەڵاتی کوردستان
سووتاندنی قامیشەڵانەکانی زرێبار لە رۆژهەڵاتی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ساڵانە لەم وەرزەدا چەند کەسێک رووبەرێکی زۆر لە قامیشەڵانی دەورووبەری دەریاچەی زرێبار دەسووتێنن، فەرمانگەی پاراستنی ژینگەی مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان ساڵانە دووپاتیدەکاتەوە کە ئەو کەسانە دەستگیردەکات بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک دەستگیرنەکراوە.
 
عوسمان فەرهادی، دانیشتووی گوندی دەرەتفێی مەریوانە دەڵێت، "لەوەتەی بیرم بێت هەر لەم وەرزەدا دەیسووتێنن، نازانین ئەم کارە کێ دەیکات، خۆ ئەگەر بشزانین ناهێڵین بەسەرماندا تێپەرێت، چونکە شتێکی جوانە لەنێوی دەبات." 
 
هەزار و 200 هێکتار لە رووبەری دەریاچەی زرێبار، قامیشەڵانە. ژینگەپارێزان دەڵێن، ئاگرتێبەردانی ئەو قامیشەڵانە رووبەری دەریاچەکە بچووک دەکاتەوە، گیانی بوونەوەر و پەلەوەرەکان دەخاتە مەترسییەوە و زیانی ژینگەیی دیکەشی لێدەکەوێتەوە.
 
سیروان دێهقانی،  دانیشتوویەکی دیکەی گوندەکەیە باس لەوەدەکات، "ئەو ئاگرە کە ئەیگرێت، ئەگەر لە قەراخەوە بیگرێت، لە کاژێرێکدا کە زیادی کرد نزیکەی سێ هەزار مەتر دەسووتێنێت بۆیە ئاژەڵان ناتوانن دەربچن و دەسووتێن."
 
لە کاتی ئاگرگرتنی قامیشەڵانی زرێباردا، زۆرجار پەنجەی تۆمەت بۆ لای دانیشتووانی گوندەکانی دەورووبەری دەریاچەکە رادەکێشرێت یان ئەو کەسانەی لەوێ ماسیگری دەکەن، بەڵام دانیشتووانی گوندەکان رەتیدەکەنەوە ئەوان بن. سەرباری ئەو رەتکردنەوەیەش پێیانوایە ئاگرتێبەردانی قامیشەڵانەکە بە قازانجی زرێبار تەواو دەبێت. 
 
عەبدوڵڵا کاووسی، دانیشتووی گوندی پیرسەفا دەڵێت، "ئەم قامیشەڵانە، ئەگەر چەند ساڵێک نەسووتێندرێت، ئەبێت بە قامیشەڵانێکی زۆر گەورە، دوای ئەوە دەبێتە هۆکاری ناشرینی قامیشەڵانەکە، کاتێک بەو شێوەیە گەورە ببێت دەچێتەوە نێو زرێبار، بەڵام ئەگەر لە کاتی خۆیدا سووتانیان پاشماوەکانیش دەسووتێنن." 
 
ئەوانەی پێیانوایە ئاگرتێبەردانی قامیشەڵانی زرێبار بە قازانجی دەریاچەکە و ئەو بوونەوەر و پەلەوەرانەیە تێیدا دەژین، دەڵێن ئاگرتێبەردانەکە کاتی خۆی هەیە.
 
عوسمان نوورمحەممەدی، دانیشتوویەکی دیکەی گوندی پیرسەفایە گوتی، "ماوەیەک ئاگریان نەدەدا، جانەوەرەکان باش بوون و دیار دەکەوتن، بەڵام کاتێک ماسیگرێک لەخۆیەوە ئاگرەکە بکاتەوە، ئەو ئاژەڵ و باڵندانەی خەریکی هێلکە کردن و زاوزێن ناتوانن خۆیان دەرباز بکەن و دەسووتێن." 
 
شارەزایانی بواری ژینگە، بە قازانجبوونی ئاگرتێبەردانی قامیشەڵانەکان پشتڕاست ناکەنەوە. ژینگەپارێزانی خۆبەخشی مەریوانیش دژی ئەو کارەن. ئەوان زۆر جار ناچار دەبن بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم ئاگرانە، گیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.