رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، پێشبینی دەکرێ ئەمڕۆ و سبەی نمەباران لە بەشێکی پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر و بەفریش لە ناوچە سنوورییەکان ببارێ. کەشناسێکیش دەڵێ: "مانگی داهاتوو شەپۆلی دیکەی بارانبارین باشووری کوردستان دەگرێتەوە."
ئەمڕۆ دووشەممە 15ی 12ی 2025، کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئاسمان لەنێوان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێ و لە کاتەکانی درەنگدا ئاسمان بەرەو هەوری تەواو دەگۆڕدرێ، بەتایبەتی لە ناوچەکانی رۆژئاوای هەرێمی کوردستان.
بە گوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکرێ ئەمڕۆ لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژئاوای پارێزگای دهۆک نمەبارانێکی کەم ببارێ و پلەی گەرماش لە ناوچە شاخاوییەکان یەک بۆ سێ پلە نزم بێتەوە.
هەر ئەمڕۆ شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بە رووداوی گوت: "پێشبینی دەکرێ تاوەکو رۆژی چوارشەممە نمەباران بە پچڕپچڕی بەردەوام بێت و لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەفر ببارێ."
هاوکات محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە رووداوی گوت: "پێشبینی دەکرێ ئەمڕۆ و سبەی لە سنووری پارێزگای دهۆک باران ببارێ و لە هەمان سنووریش بەفر ناوچە شاخاوییەکان بگرێتەوە. شەپۆلەکە سنووردارە و تەنیا بادینان دەگرێتەوە."
کەشناسیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە دەڵێ: "لە کاتەکانی بەیانیدا نمەباران لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای دهۆک دەبارێ، پاشان کاریگەرییەکەی درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچە شاخاوییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و پارێزگای هەولێر. ئەگەری نمەبارانێکی کەم لە سەنتەری شاری هەولێریش هەیە."
کەشناسی دەڵێ: "پێشبینی دەکرێ سبەی بەفر لە زۆربەی ناوچە شاخاوییە بەرزەکان ببارێ، بەتایبەتی لە ناوچە سنوورییەکان، پاشان بۆ کاتەکانی درەنگانی شەو کەش سەقامگیر دەبێتەوە. هاوکات پلەی گەرما 3 بۆ 5 پلە و لە ناوچە سنوورییەکان بۆ سفری سیلیزی دادەبەزێ."
سەبارەت بە ئەگەری شەپۆلی نوێ، شاڵاو هیدایەت گوتی: "تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە هیچ شەپۆلێکی نوێ روو لە ناوچەکەمان ناکات، بەڵام مانگی داهاتوو شەپۆلی بەهێزی بارانبارین و بەفر بەڕێوە دەبێ."
بە گوێرەی کەشناسی، بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراوی سبەی بە پلەی سیلیزی بەم شێوەیە دەبێت:
هەولێر؛ 9 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 9 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 6 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 6 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 12 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 10 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 7 پلەی سیلیزی
ئاکرێ؛ 4 پلەی سیلیزی
ئامێدی؛ 8 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 8 پلەی سیلیزی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ