رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان پەخشی 29 کەناڵی نێوخۆیی تەلەفزیۆنی رادەگرێت و دەڵێت تاوەکو مۆڵەتەکانیان نوێ نەکەنەوە، ناتوانن پەخشەکانیان دەستپێبکەنەوە. گوتەبێژی ئەو وەزارەتەش دەڵێت: "لەچوارچێوەی کاری میدیا دەبێت کەناڵە میدیاییەکان مۆڵەتیان نوێ بکەنەوە و پابەندبوونە دارایی و یاساییەکانیان جێبەجێ بکەن."
بەپێی نووسراوێک کە بە ژمارە 112 لە رۆژی 16-1-2023 لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان دەرچووە، بڕیاری راگرتنی پەخشی 29 کەناڵی نێوخۆیی تەلەفزیۆنی درا.
لە نووسراوەکەدا هاتووە: "پاڵپشت بە خاڵی پێنجەمی بڕگەی یەکەم لە ماددەی سێیەمی رێنمایی ژمارە یەکی ساڵی 2014ـی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان تایبەت بە رێنمایی رێکخستنی فریکوێنسی سپەیس لە هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەنووسراوی بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردەوەی هەولێر ژمارە 31 لە 10-1-2023، لەبەر ئەوەی ئەم کەناڵانەی کە لە لیستی هاوپێچ ناویان هاتووە مۆڵەتیان نوێ نەکردووەتەوە بڕیارماندا بە:
- راگرتنی پەخشی ئاسایی تاوەکو مۆڵەتەکانیان نوێ دەکەنەوە.
- ئەم فەرمانە لە رۆژی دەرچوونییەوە کاری پێدەکرێت."
بەپێی نووسراوەکە کە لەلایەن شێروان عەوڵا خورشید، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەوە واژۆکراوە، ئەو کەناڵانەی پەخشیان راگیراوە بریتین لە:
1- نیگا
2- نیگای منداڵان
3- نیگا فیلم
4- بیابان
5- بیابان فیلم
6- بیابان سپۆرت
7- بیابان میوزیک
8- Never
9- ئاسۆ سپۆرت
10- I Movies
11- جیهان
12- منارە
13- خێزان
14- دیموکراسی
15- بێست
16- ئاسمان
17- ئیفێکت
18- جودی
19- لاو
20- Max
21- سرووشت
22- کوردین
23- یەکگرتوو
24- بینین
25- Baby Panda/ AK
26- کازیوە
27- ئازادی
28- ئازادی سپۆرت
29- ژیار
رۆژی دووشەممە، 16-1-2023، نامیق هەورامی، گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "لەچوارچێوەی رێکخستنی کاری میدیا دەبێت کەناڵی راگەیاندن مۆڵەتی کارکردنی هەبێت و مۆڵەت نوێ بکاتەوە، پابەندبوونی دارایی و یاسایی لەو کارانە هەیە، ئەو لیستە ئەو کەناڵە ناوخۆییانەن کە پەخشەکانیان رادەگیرێت تاوەکو مۆڵەتەکانیان نوێ دەکەنەوە و مامەڵە یاساییەکان تەواو دەکەن."
بەپێی ئاماری وەزارەتی رۆشنبیری، لە هەرێمی کوردستان 30 کەناڵی ئاسمانی، 127 کەناڵی نێوخۆیی و 145 رادیۆ مۆڵەتی کارکردنیان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ