عێراق بە رێککەوتنێک لەگەڵ BP ئاراستەی سەرمایەگوزاریی نەوت لە باشوورەوە بۆ باکوور دەگۆڕێت

17-01-2025
زیاد ئیسماعیل
کێڵگەیەکی نەوت لە کەرکووک. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
کێڵگەیەکی نەوت لە کەرکووک. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

عێراق ئاراستەی سەرمایەگوزاریی نەوت لە باشوورەوە بۆ باکوور دەگۆڕێ. بریتیش پیترۆلیەم لە رومیلە و قڕنەوە کە دوو گەورەترین گێڵگە نەوتییەکانی عێراق و جیهانن هاتە نێو گێڵگە نەوتییەکانی کەرکووکیش.
 
عەلا حەیدەری، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە دەڵێت: "دوای سەقامگیریی دۆخی ئەمنی و ئەو هێمنییەی لە پارێزگاکەدا هەیە و هەروەها ئەو هاوئاهەنگییەی لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا هەیە، لە راستیدا حکومەت بەرەو رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای بی پی بەریتانی رۆیشت کە گەورەترین کۆمپانیای نەوتی نێودەوڵەتییە بۆ وەبەرهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتیەکانی کەرکووک. بەدڵنیاییەوە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر دۆخی گشتی دەبێت لە کەرکووک و دەوروبەری."
 
هەرچەندە سەرچاوە نافەرمییەکان ئاماژە بە سوودی جیاواز و بەرچاوی گرێبەستی بریتیش پیترۆلیەم لە 4 کێڵگەی نەوتی کەرکووک دەدەن، عێراقییەکان ئەو رێککەوتنە بە هەلێک بۆ گەشەپێدانی زیاتری ئابووری و سیاسیی عێراق ناو دەبەن.
 
ئەحمەد کنانی، سەرۆکی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی دەڵێت: "لە راستیدا پێویستمان بەو جۆرە کۆمپانیایانە هەیە لەناوخۆی عێراق کاربکەن لەبەر هۆکاری گەشەپێدانی ئابووری. هەروەها هۆکارە سیاسییەکانیش گرنگن، لە رووی گەشەپێدانی ئابوورییەوە کۆمپانیایەکی گرنگە، گەشەپێدانی چوار کێڵگەیە لە کەرکووک ئەو کێڵگانە گەورە و گرنگن. یەکێک لە کێڵگەکان [بەرهەمهێنانی] نزیکەی 300 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا و ئەمەش ئاستی ئابووریی عێراق و بەرهەمهێنانی نەوت بەرز دەکاتەوە." 
 
هەولێر بە نیگەرانییەوە لە هەنگاوەکانی عێراق دەڕوانێت و پێیوایە لەکاتێکدا نزیکەی دوو ساڵە بەغدا رێگرە لە هەناردەکردنەوەی رۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوتی کوردستان، بە سیاسەت کار بۆ زیادکردنی دەرهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی سنووری مادەی 140 دەکات.
 
هەوڵەکانی بەغدا بۆ زیادکردنی بەرهەمی نەوتی کەرکووک لەکاتێکدایە، تا ئێستا حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق نەک ئامادەنەبوون مادەی 140 جێبەجێ بکەن، بەڵکو ئامادەنین بەپێی دەستوور بە هاوئاهەنگی هەرێمی کوردستانیش ئەو ناوچانە لە رووی سیاسی، کارگێڕی و ئابوورییەوە ئیدارە بدەن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە