یەکێتى، پارتى، بەدر و دوو لایەن لە خانەقین: بە قەزاکردنى گوڵاڵە و قەرەتەپە هانى ناکۆکیی نێوان پێکهاتەکان دەدات

16-01-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پارتى دیموکراتی کوردستان، رێکخراوى بەدر، حیزبی شیوعیی کوردستان و حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، لە خانەقین دژى بە قەزاکردنى هەردوو ناحیەى گوڵاڵە و قەرەتەپە دەوەستنەوە و بە بچووککردنەوەى سنوورى خانەقین و هۆکارێک بۆ زیادبوونى ناکۆکیى سیاسی و دابەشبوونى پێکھاتەکانى دادەنێن. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 16ى کانوونى دووەمى 2025، نوێنەرانى ئەو پێنج لایەنە لە خانەقین کۆبوونەوە و راگەیێندراوێکى هاوبەشیان لە دژى ئەو هەنگاوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە دەرکرد.
 
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە، نیگەرانن لەو گۆاڕانکارییە سیاسی و کارگێڕییانەى لە دیالە و خانەقین دروست بوون و هەوڵى بەردەوام هەن بۆ گۆڕین و بچووککردنەوەى سنوورى کارگێڕى خانەقین و پەراوێزخستنى رۆڵە مێژوویی و سیاسی و جوگرافییەکەى. 
 
ئەو کاردانەوەیەى پێنج لایەنەکە دواى ئەوە بوو کە لە 31ى کانوونى یەکەمى 2024، ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە بە دەنگدان ناحیەکانى جەلەولا و قەرەتەپەى کردە قەزا کە پێشتر سەر بە قەزاى خانەقین بوون. 
 
ئەمیر خانەقینى، نوێنەرى حیزبى شیوعیى کوردستان لەو  کۆبوونەوەیە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەوە یەکەمجار بوو دواى رووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەرى 2017 ئەو لایەنانە لە خانەقین کۆببنەوە و راگەیێنراوى هاوبەش دەربکەن. "کۆبوونەوەکانیان بەردەوام دەبن و هەڵوێستی دیکەیان دەبێت کە رەنگە خۆپێشناندان یان پێکهێنانى لیژنە بێت بۆ رۆیشتن بۆ بەغدا."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، قەزاى خانەقین لە سنوورى مادەى 140 دایە و پێویستە هەموو گۆاڕانکارییە کارگێڕییەکان تێیدا بە گوێرەى دەستوور و یاسا بەرکارەکان بکرێت و ئەو گۆاڕانکارییە کارگێڕییانەى کراون "بێ پاساوى بابەتین و دەبێتە هۆى دابەشبوونى نێوان پێکهاتەکان و ئاڵۆزیى سیاسی و کۆمەڵایەتى زیاد دەکات و هانى ناکۆکى نێوان پێکهاتەکانى دەدات". 
 
ئەمیر خانەقینى گوتیشى: "بڕیارە ئەو هەڵوێستەیان بە فەرمى لە رێگەى قایمقامى خانەقینەوە ئاڕاستەى پازێزگارى دیالە بکرێت. ترسێکى دیکە ئەوەیە کە هەوڵ هەیە 27 گوند لە سنوورى خانەقین داببڕێنرێن و بکرێنە ناحیە و بخرێنە سەر گوڵاڵە".
 
ئەو پێنج لایەنە داوایان لە ئەنجوومەنى پارێزگا و حکومەتى خۆجێیی دیالە و حکومەتى فیدراڵى کردووە لەو بڕیارانە پاشگەز ببنەوە کە "دەبنە هۆى دابەشکردن خانەقین و کەمکردنەوەى رۆڵى لە رووی کارگێڕییەوە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە